zagros news agency

یەک کاتژمێر زووتر دبێتە هۆی ٦٠٠غرام کەم کردنەوەی کێش

 

توێژینەوەیەکی نوێی توێژەرانی زانکۆی نیویۆرک ئاماژە بەوە دەکات کاتی خەوتن، بەبێ گوێدانە ماوەی خەوتن، لەوانەیە پەیوەندیی بە کەمکردنەوەی کێشەوە هەبێت. زۆربەی ئەو کەسانەی دەیانەوێت کێشیان دابەزێنن، سەرنجیان لەسەر ڕێجیمی خۆراکی و وەرزشە، بەڵام دۆزینەوەکانی توێژینەوەیەکی نوێ ئاماژە بەوە دەکەن کە کاتی خەوتنی شەوانەش لەوانەیە ڕۆڵی لەم نێوەندەدا هەبێت.

 

توێژەرانی کۆلێژی پەرستاریی ڕۆری مایەرز لە زانکۆی نیویۆرک بە پشکنینی داتاکانی تاقیکردنەوەیەکی هەڕەمەکی، دۆزییانەوە کە گەورەساڵانی تووشبوو بە پێش-شەکرە کە شەوان زووتر دەخەون، بە گشتی کەمکردنەوەی کێشی زیاتر ئەزموون دەکەن. بەپێی ژماردنە ئامارییەکانی توێژەران، هەر ٦٠ خولەک زووتر خەوتن، بە نزیکەیی ١.٣ پاوەند، واتە ٥٩٠ گرام، کەمکردنەوەی کێشی لە ماوەی هەشت هەفتەدا لەگەڵدا بووە.

سوزان کۆل مالۆن، مامۆستای یاریدەدەر لەم کۆلێژە و نووسەری سەرەکیی توێژینەوەکە، دەڵێت: “پێدەچێت کاتی خەوتن، نەک تەنها ماوەی خەوتن، هۆکارێکی گرنگ و کەمتر سەرنجپێدراو بێت لە کەمکردنەوەی کێش و تەندروستیی میتابۆلیدا.”

لەو توێژینەوەیەدا کە ئەنجامەکانی لە گۆڤاری زانستیی “نێرسینگ ڕیسێرچ” بڵاو کراوەتەوە، ١٩٦ گەورەساڵی تووشبوو بە پێش-شەکرە بەشدارییان کردووە کە بە گشتی شەوان کەمتر لە شەش کاتژمێر و نیو دەخەوتن. بەشداربووان دابەش کران بۆ دوو گرووپ. گرووپی یەکەم لە خولێکی ڕاهێنانی هەشت هەفتەییدا دەربارەی خۆراکی تەندروست، چالاکیی جەستەیی و بەڕێوەبردنی سترێس بەشدارییان کرد. گرووپی دووەم جگە لە وەرگرتنی هەمان ڕاهێنانەکان، لەژێر بەرنامەیەکی ڕێنمایی ڕەفتاریدا بوون بۆ ئەوەی بە تدریج کاتی خەوتنی شەوانەیان پێش بخەن.

توێژەران بە بەکارهێنانی هەستەوەرەکان، تۆمارکردنی ڕۆژانەی زانیارییەکانی خەوتن و ئامێرەکانی چاودێریکردنی دەست، دۆخی خەوتن، چالاکیی جەستەیی و شەکری خوێنی بەشداربووانیان پشکنی. ئەنجامە سەرەتاییەکان بە پێچەوانەی چاوەڕوانیی توێژەران بوون. هیچ کام لە دوو گرووپەکە باشبوونێکی بەرچاویان لە ئاستی شەکری خوێندا نیشان نەدا. هەردوو گرووپەکە کێشیان کەم کرد، بەڵام بڕی کەمکردنەوەی کێشی ئەو کەسانەی ڕاهێنانی تایبەتی خەوتنیان وەرگرتبوو، بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر نەبوو لە گرووپەکەی دیکە.

لەگەڵ ئەوەشدا، بەشداربووانی گرووپی دووەم کوالیتیی خەوتنی باشتر و کەمتر هەستی خەواڵووییان لە درێژایی ڕۆژدا ڕاگەیاند و بە تدریج زووتر دەچوونە سەر جێگا.

خاڵی سەرنجڕاکێش کاتێک ئاشکرا بوو کە توێژەران داتاکانی هەردوو گرووپەکەیان بە جیا لە جۆری ڕاهێنانی وەرگیراو پشکنی. ئەم شیکارییە دەریخست کە ئەو کەسانەی کاتی خەوتنی خۆیان پێش خستبوو، بە گشتی کێشی زیاتریان لەدەست دابوو. توێژەران ئەگەری ئەوە دەدەن کە ئەم پەیوەندییە پەیوەندیی بە کاتژمێری بایۆلۆژیی جەستەوە هەبێت.

درەنگ مانەوە تا درەنگانی شەو دەتوانێت بەرکەوتن بە ڕووناکیی دەستکرد زیاد بکات؛ ئەمەش لەوانەیە کاردانەوە سترێسییەکانی جەستە چالاک بکات و کاریگەریی لەسەر هۆرمۆنەکانی ڕێکخەری ئارەزووی خواردن هەبێت. هەروەها کاتژمێرەکانی کۆتایی شەو بە گشتی هاوکاتن لەگەڵ کاتێکدا کە هەستیاریی جەستە بۆ ئەنسۆلین لە نزمترین ئاستیدایە.

 

مالۆن ڕوونی دەکاتەوە: “لە بەرانبەردا، زووتر خەوتن لەوانەیە خواردنی خۆراک لە کاتژمێرەکانی کۆتایی شەودا سنووردار بکات و کاتی وەرگرتنی خۆراک لەگەڵ ماوەی گونجاوی میتابۆلیزمی جەستەدا زیاتر بگونجێنێت.” توێژەران هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە درەنگ مانەوە تا درەنگانی شەو دەتوانێت لەگەڵ زیادبوونی هۆرمۆنەکانی ورووژێنەری برسێتی، لەوانە گرێلین، و ئەگەری زیاتری خواردنی خۆراک لە نیوەشەودا بێت.

سەرەڕای ئەم دۆزینەوانە، توێژەران هۆشداری دەدەن کە نابێت ئەنجامەکانی توێژینەوەکە وەک سەلماندنی کاریگەریی ڕاستەوخۆی زووتر خەوتن لەسەر کەمکردنەوەی کێش لێک بدرێتەوە. چونکە توێژینەوەکە تەنها هەشت هەفتە بەردەوام بووە و دیار نییە کە بەشداربووان بتوانن لە درێژخایەندا کاتی خەوتنی زووتر یان کەمکردنەوەی کێشی خۆیان بپارێزن.

هەروەها، هەرچەندە بەشێک لە زانیارییەکان بە ئامێرەکانی چاودێریکردنی دەست کۆ کراونەتەوە، بەڵام هەڵسەنگاندنی هەندێک نیشانەی گرنگ وەک کوالیتیی خەوتن و خەواڵوویی ڕۆژانە تا ڕادەیەکی زۆر پشت بە ڕاپۆرتی خودی بەشداربووان بەستووە. خاڵێکی گرنگی دیکە ئەوەیە کە ئەو کەسانەی ڕاهێنانی خەوتنیان وەرگرتبوو، بە تێکڕا تەنها نزیکەی ١٢ خولەک زووتر خەوتن و ئەم گۆڕانکارییە لەگەڵ باشبوونێکی پێوانەکراوی شەکری خوێندا نەبوو.

بۆیە، دۆزینەوەی سەرەکیی توێژینەوەکە بوونی پەیوەندییەکی ئامارییە لە نێوان زووتر خەوتن و کەمکردنەوەی کێشدا، نەک سەلماندنی ئەوەی کە گۆڕینی کاتی خەوتن بە تەنیا دەتوانێت ببێتە هۆی دابەزاندنی کێش.

هەواڵی پەیوەندیدار

سێ کەس تووشی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندە بوون

سەڵاح

چارەسەرەکانی بەرزی چەوری جگەر

lana

چەند رێگایەكی سروشتی بۆ كەمكردنەوەی شەكری خوێن

lana