ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، توم باراک، نێردەی ئەمریکا جەختیکردەوە، عێراق خاوەنی “کلیلە سیحرییەکە”یە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە هەرێمییەکان و بەڕێوەبردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران. باراک گوتی: “واشنتن بەغدا هان دەدات پەیوەندییە بازرگانییەکان و سەردانە ئایینییەکان لەگەڵ تاران بەهێز بکات، نەک هەڵوێستی دوژمنکارانە بگرێتە بەر”.
باراک لە دانیشتنێکی پەیمانگەی شاهانەی “چاتام هاوس” بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لە لەندەن رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان دەیەوێت وانە لە رابردوو وەربگرێت و دان بە گرنگیی سەروەریی یاسا و دیموکراسیدا بنێت. هەروەها روونیکردەوە، پێویستە پێداچوونەوە بەوەدا بکەین کە لە ماوەی 23 ساڵی رابردوودا لە عێراق کردوومانە، ئێمە میوانی ئەو وڵاتە بووین، لە زۆر کاتدا میوانی خراپ بووین و خاوەن ماڵ نەبووین.
نێردەی ئەمریکا روونیکردەوە، عێراق بەهۆی هاوبەشییە ئایینییەکان و سنووری فراوان لەگەڵ ئێران، دۆخێکی تایبەت و سەختی هەیە، ئەوەش پێویستی بە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی تایبەت بەرامبەر بە هەردوو وڵات هەیە. ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییە گوتیشی: “هەڵوێستی واشنتن ئەوەیە عێراق نەکاتە دوژمنی ئێران، بەڵکو بەهێزی بکات تا ببێتە کلیلە سیحرییەکەی دەرگای چارەسەرەکان و ئەو گفتوگۆیانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان ناتوانێت راستەوخۆ سەرکردایەتییان بکات، لەگەڵ بەردەوامیی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا لەسەر تاران و هەڕەشەکردن بە بژاردەی سەربازی ئەگەر پێویست بکات”.
سەبارەت بە کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە عێراق، باراک گوتی: “هەڵوێستمان لە سەرەتاوە روون بووە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دەکشێتەوە و وەک میوان رۆیشتووین، بەڵام وەک هاوبەشێکی هەمیشەیی دەمێنینەوە و عێراق بەجێ ناهێڵین”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باراک روونیکردەوە، واشنتن بۆ هەمیشە نامێنێتەوە تا راستەوخۆ ئاسایش و سەقامگیری مسۆگەر بکات، بەڵکو هەوڵ دەدات پشتگیریی یەکپارچەیی عێراق و سەقامگیرییەکەی و سەروەریی یاسا لەو وڵاتە بکات، تاوەکو خۆی خۆی بپارێزێت لە سایەی ناوچەیەک کە بەردەوام گۆڕانکاری بەخۆوە دەبینێت.

