ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران جەختیکردەوە، ئێران یەک گەرد لە ماددە پیتێنراوە ناوەکییەکانی لە خاکەکەی دەرناهێنێت.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “مەیادین” رەزایی گوتی: “هەر هێرشێکی نوێی ئەمریکا بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، تەنانەت ئەوانەشی لێیەوە دوورن، لێکەوتەی دەبێت.” هاوکات جەختیکردەوە، کۆتاییهێنان بە جەنگ لە سەرجەم بەرەکانی رۆژئاوای ئاسیا، بەتایبەت لە لوبنان، یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی ئێران.
ئەو بەرپرسەی ئێران روونیکردەوە، بە دۆستە رووسەکانیان راگەیاندووە ماددە پیتێنراوەکان لە ئێران دەمێننەوە و خۆیان بەکاریاندەهێنن. هەروەها گوتی، پێویستیان بە ماددەی پیتێنراو هەیە بۆ دیزاینکردن و دروستکردنی کەشتی و ژێردەریایی کە بە وزەی ناوەکی کار دەکەن.
سەبارەت بە تواناکانی وڵاتەکە لە بواری تەکنەلۆجیادا، رەزایی گوتی: “ئاستێکی پێشکەوتوومان لە جیهانی دیجیتاڵیدا بەدەستهێناوە کە رێگامان پێدەدات کۆنترۆڵی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا بکەین و بیانخەینە خوارەوە.”
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەرەبەیانی سێشەممەی رابردوو جەختیکردەوە، جەنگ لەگەڵ ئێران لە رووی سەربازییەوە بە کردەیی کۆتایی هاتووە و ململانێکە بەرەو کۆتایی دەچێت، هەروەها رایگەیاند، تاران خوازیاری گەیشتنە بە رێککەوتن.

