سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق عەلی زەیدی، جەختی کردەوە کە حکومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی بەرنامەکەی بە مەبەستی چەسپاندنی سەروەریی دەوڵەت و یاسا و پشتیوانیکردن لە گەشەپێدانی گشتگیر.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە عەلی زەیدی پێشوازیی لە هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر و فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کردووە، بە ئامادەبوونی عەبدولعەزیز محەممەداوی سەرۆکی ئەرکانی دەستەی حەشدی شەعبی.
بەپێی بەیاننامەکه، لە دیدارەکەدا ژمارەیەک دۆسیە و بابەتی پەیوەست بە دۆخی ئەمنی و سیاسی و پێشهاتەکانی ناوخۆی وڵات و ناوچەکە تاوتوێ کران و جەخت لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان سەرجەم دامەزراوە و دەزگا ئەمنییەکان کرایەوە لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی چەسپاندنی سەقامگیری و پاراستنی ئاسایش و سەروەریی وڵات.
بەپێی بەیاننامەکە، زەیدی دووپاتی کردەوە کە حکومەت لە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی بەرنامە حکومییەکەی لە بوارە جیاجیاکاندا بەردەوامە، بە ئامانجی چەسپاندنی سەروەریی دەوڵەت و یاسا و پاڵپشتیکردنی ڕەوتی گەشەپێدانی گشتگیر.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگیی یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان و پەرەپێدانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لە نێوان سەرجەم هێزە سیاسییەکاندا کرا، بۆ پشتگیریکردنی ڕێڕەوی نیشتمانی و بەهێزکردنی توانای دەوڵەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و هەنگاونان بەرەو بەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتییان.

