حسن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس ڕەخنە لە دۆخی کارگێڕیی شارەکە دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات کە گۆڕینی سێ پارێزگار لەمساڵدا و نەبوونی پلانی ستراتیژی بووەتە هۆی شکستهێنانی ئیدارەکە لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان و تەنیا بۆ ڕازیگرتنی لایەنە سیاسییەکان بەکاردێت.
حەسەن مەجید بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس گوتی: «سیستەمی ئەم گۆڕانکارییە لە پارێزگاران لە کەرکووک سەرکەوتوو نەبووە بۆ شارەکە؛ نەیتوانی ئەو ئامانجانەی کە پێویستە وەک خۆی بێتە دی، لەبەر ئەوەی کە ئەو پارێزگایە بەم شێوەیە ناتوانێت خزمەت بکات. بەس لەمساڵدا ٣ پارێزگار گۆڕاون و هیچ پرۆژەیەکی درێژخایەن و هیچ پلانێکی ستراتیژی لەم جۆرە کەشوهەوایەدا گەشە ناکات.»
گوتیشی: «ئەوەی هەیە تەنیا ڕازیکردنی هەندێک کوتلەی سیاسییە لەسەر حیساباتی شارەکە؛ سیستەمێکی زۆر خراپە و نەیانتوانیوە وەک پێویست خزمەت بکەن.»

