zagros news agency

حاكم فاروق محەمەد بۆ زاگرۆس:ئەم بڕیارە کۆتایی بە هەموو ئەو دەنگۆیانە هێنا کە گومانیان لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان دروست کردبوو

 

حاکم فاروق محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئاژاناسی زاگرۆس ڕایگەیاند، دادگای فیدراڵیی عێراق داواکاریی یەکێتی و نەوی نوێی بۆ دەرکردنی فەرمانی وەلائی بە مەبەستی ڕاگرتنی چالاککردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ڕەتکردەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم بڕیارە کۆتایی بە هەموو گومانەکان دەهێنێت و دەسپێشخەرییە بۆ سەرجەم لایەنەکان تا بێنە پێشەوە و ڕۆڵی چاودێری و یاسادانانی خۆیان ببینن.

حاکم فاروق محەمەد بۆ گوتی: “ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی داواکاریی دەرکردنی فەرمانی وەلائی بۆ ڕاگرتنی چالاککردنەوەی پەرلەمانی کوردستانی ڕەتکردەوە. یەکێتی و نەوەی نوێ داوایەکیان پێشکەش کردبوو تا دادگای فیدراڵی چالاککردنەوەی پەرلەمان بە نایاسایی لەقەڵەم بدات، هەروەها داوایان کردبوو دادگا فەرمانێکی وەلائی ڕاستەوخۆ دەربکات بۆ ڕاگرتنی کارەکانی پەرلەمان، بەڵام ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی ئەو داواکارییەی ڕەتکردەوە.”

گوتیشی: “خەڵکی کوردستان دەنگیان بە پەرلەمان داوە تا لەوێوە نوێنەرایەتییان بکات. دوو ساڵە بەشێک لە لایەنەکان ئامادە نین پەرلەمان چالاک بێتەوە؛ ناکرێت کوردستان لەم دۆخەی ناوچەکەدا پەرلەمانی نەبێت بۆ دەرکردنی یاسا و چاودێریکردنی کارەکانی حکومەت، هەروەها ناکرێت لەوە زیاتر دوا بکەوێت. ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی ئاماژەیە بۆ ئەوەی چالاککردنەوەی پەرلەمانی کوردستان پێویستییەکی بەپەلەیە، بەرپرسیاریەتی دەخاتە سەر شانی هەموو لایەنەکان تا بێنە پێشەوە، بەشداری لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا بوبکەن و ڕۆڵی خۆیان لە چاودێریکردنی حکومەتدا ببینن. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە چالاککردنەوەی پەرلەمان ڕێکاری یاسایی خۆی وەرگرتووە و پێویستە سەرجەم ئەو لایەنانەی نوێنەریان لە پەرلەماندا هەیە، بەشداری لە دانیشتنی داهاتوودا بکەن.”

ڕاشیگەیاند: “ڕێکارەکانی پەرلەمانی کوردستان دروست و یاسایی بوون. دوای ئەم بڕیارەی دادگا، دەبێت پەرلەمان بگەڕێتەوە سەر کارەکانی خۆی، سەرجەم فراکسیۆنەکان دانیشتنەکان ئەنجام بدەن و کۆمسیۆن و لیژنەکان ڕۆڵی خۆیان ببینن. دەبێت پەرلەمانی کوردستان ببێتە میحرابی حزبەکان تا لەوێوە ڕۆڵی خۆیان لە دەرکردنی یاسا، چاودێریکردنی حکومەت و گەیاندنی دەنگی خەڵک بە دەسەڵات بگیڕن.”

دەشڵێت: “ئەم بڕیارە کۆتایی بە هەموو ئەو دەنگۆیانە دەهێنێت کە گومانیان لەلای خەڵک دروست کردبوو بەوەی پەرلەمان بە شێوەیەکی یاسایی چالاک نەکراوەتەوە، دڵنیاشتان دەکەمەوە ڕێکارەکان بە تەواوی ڕاست و دروست بوون.”

هەواڵی پەیوەندیدار

هەنگاوێکی دیکەی دامەزراندنی یەكەم و دووەم و سێیەمەكانی زانكۆكانی كوردستان دەستی پێ کرد

سەڵاح

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەکات

یاسین

پزیشکیان چەند کاتژمێر پێش هێرشی ئەمریکا: دەستپێکەری شەڕ نەبووین

یاسین