ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی رایگەیاند، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی، سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەسەر خالید عەتیە مەعازیدی، بریکاری وەزارەتی کارەبا بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردن سەپاندووە. بڕیارەکە بەهۆی تێوەگلانی مەعازیدی لە تاوانی دەستکەوتی نایاسایی دەرکراوە.
دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، دادگاکە بە ئامادەبوونی خۆی و بەپێی مادەی (19/دووەم)ی یاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتی نایاسایی ژمارە 30ی ساڵی 2011ی هەموارکراو، ئەو بڕیارەی دەرکردووە.
دادگاکە مەعازیدی پابەندکردووە بە گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو پارانەی بەشێوەی نایاسایی دەستی کەوتووە، کە بریتین لە 8 ملیار و 242 ملیۆن و 678 هەزار دیناری عێراقی و 6 ملیۆن و 686 هەزار و 292 دۆلاری ئەمریکی. هاوکات بەپێی مادەی (19/چوارەم)ی هەمان یاسا، غەرامەیەکیشی بەسەردا سەپێنراوە کە هاوتایە لەگەڵ بەهای دەستکەوتە نایاساییەکە و کۆی گشتییەکەشی 36 ملیار و 810 ملیۆن دینارە.
لە بڕیارێکی دیکەدا، دادگا سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی توندی بۆ مەعازیدی دەرکردووە، ئەمەش بەهۆی تاوانی شاردنەوە، لەگەڵ جێبەجێکردنی سزای توندتر بۆ تاوانبارەکە.
دادگا بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانی مەعازیدی پەسەندکردووە. هەروەها مافی داواکردنی قەرەبووی زیانەکانیشی بۆ دەستەی دەستپاکی هێشتووەتەوە، دوای ئەوەی بڕیاری دادگا پلەی کۆتایی وەردەگرێت.

