zagros news agency

قەرزە حکوومییەکانی عێراق بۆ 174 ملیار دۆلار بەرز دەبنەوە

 

بەپێی ئەو پۆلێنکارییەی پێگەی ڤیژوال کاپیتالیست لەسەر بنەمای داتاکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی بڵاویکردووەتەوە، عێراق بۆ ساڵی 2026 لە ریزبەندی 47ـی جیهاندایە لە رووی کۆی گشتیی قەرزی حکوومییەوە. کۆی قەرزەکە 174 ملیار دۆلارە، کە دەکاتە 71.1%ـی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکە.

پێگەکە لە راپۆرتێکدا روونیکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت کۆی گشتیی قەرزی حکوومی لە جیهاندا ئەمساڵ بگاتە 121 تریلیۆن دۆلار، کە دەکاتە 94.6%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهان. ئەم زیادبوونە دەرەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی قەرزکردنی حکوومەتەکان و زیادبوونی تێچووی خزمەتگوزاریی قەرزەکانە.

عێراق لەنێو 190 ئابووریدا پلەی 47ـی بەدەستهێناوە و پێش چیلی و جەزائیر کەوتووە، کە پێشبینی دەکرێت قەرزی حکوومی بۆ هەر یەکێکیان 172 ملیار دۆلار بێت. لەبەرامبەردا کۆماری چیک بە 196 ملیار دۆلار و هەنگاریاش بە 209 ملیار دۆلار لە پێش عێراقەوەن.

لە ئاستی ناوچەکەدا، قەرزی حکوومیی پێشبینیکراو بۆ ئیمارات گەیشتووەتە 217 ملیار دۆلار، کە دەکاتە 32.8%ـی بەرهەمی ناوخۆیی. هاوکات قەرزی ئێران 122 ملیار دۆلارە بە رێژەی 39.1% و مەغریبیش 130 ملیار دۆلار قەرزی هەیە بە رێژەی 66.6%.

راپۆرتەکە ئاشکرایکرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ریزبەندی یەکەمی ئەو ئابوورییانەدایە کە زۆرترین قەرزیان هەیە بە بڕی 41.4 تریلیۆن دۆلار. چین بە 22.5 تریلیۆن دۆلار لە پلەی دووەم دێت و ئەو دوو وڵاتە پێکەوە 53%ـی کۆی گشتیی قەرزی حکوومیی جیهان پێکدەهێنن.

لە رووی رێژەی قەرز بە بەراورد بە بەرهەمی ناوخۆیی، سوودان بە رێژەی 334.4% لە ریزبەندی یەکەمی جیهاندایە. ژاپۆن بە 199.4% و سەنگافوورە بە 166.4% لە پلەکانی دواتر دێن، لەکاتێکدا ئەو رێژەیە لە ئەمریکا 126.8% و لە چینیش 104.4% بووە.

راپۆرتەکە دەریدەخات، چاوەڕوان دەکرێت تا ساڵی 2030 کۆی گشتیی قەرزی حکوومیی جیهان لە 100%ـی بەرهەمی ناوخۆیی تێپەڕ بکات. ئەمە ئەو ئاستەیە کە جیهان لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە بەخۆیەوە نەبینیوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

خولی ئیتاڵیا.. یۆڤانتۆس بە دە یاریزانەوە خۆی لە شکست ڕزگارکرد

یاسین

ژمارەیەک سیناتۆر و کۆنگرێسمانی ئەمریکی ناڕەزایی لە بەرامبەر بانگهێشتکردنی سوودانی بۆ کۆشکی سپی دەردەبڕن

سەڵاح

پۆلیسی بەغدا: نزیکەی 100 کەسی بیانی و عەرەبی دەستگیر کرد

سەڵاح