کەتائیبی حزبوڵڵا ڕاستیی ڕاپۆرتی ئەو لیژنەیەی ڕەت کردەوە کە لێکۆڵینەوەی لە بەقاچاغبردنی نەوت لە جورف ئەلسەخر کردبوو، هاوکات داوای کرد ناوچەی جورف و «چەکی مقاوەمە» لە ململانێ سیاسییەکان دوور بخرێنەوە.
کەتائیبی حزبوڵڵا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە «سەرەڕای چوونە ناو دانوستانەکانی کۆنتڕۆڵی چەک و واژۆکردنی ڕێککەوتنی سەروەری لەگەڵ ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی و حکومەت، بەڵام سەرۆکی حکومەت پەیمانەکەی شکاندووە و نووسینگەکەی لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی هەڵبەستراو لە کەناڵە ئیماراتی و سعوودییەکاندا تۆمەتیان بۆ هەڵدەبەستێت، بە ئامانجی ناچارکردنیان بۆ دەستبەرداربوون لە چەک.»
جەختی کردەوە کە «هەردوو دۆسیەی جورف ئەلسەخر و چەکی مقاوەمە دەبێت لە دەرەوەی ململانێی سیاسی بن و سەرەڕای فشارەکانی ئیمارات، سعوودیە و ئەمریکییەکان لە ڕێگەی حکومەتی زەیدییەوە، لەم بنەمایە پاشەکشە ناکەن.»
ئاماژەی بەوەش دا کە «ئەو لیژنە تەکنیکییە پیشەییەی چووەتە ناو شارەکە هیچ دەستدرێژییەکی بۆ سەر بۆرییەکانی نەوت نەدۆزیوەتەوە و ئەوەی بە وێنە و پشکنینی مەیدانی تۆمار کراوە تەنها تانکیی سووتەمەنی و کارگەیەکی سادەی باشترکردنی کوالێتی بووە بۆ دابینکردنی سووتەمەنیی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان و موەلیدەکان لە کەرتێکی سەربازیی هەستیاردا کە لە باکووری بابلەوە تا قەزای قائیم لەسەر سنووری عێراق و سووریا درێژ دەبێتەوە.»
کەتائیبی حزبوڵڵا هیوای خواست «دادگای عێراق دادپەروەری بۆ ئەو کەسانە بگێڕێتەوە کە بەهۆی ڕاپۆرتەکەوە سزا دراون و جارێکی تر داوای کرد لێکۆڵینەوەی جدی لە دۆسیەکانی گەندەڵی له دابینکردنی خواردنی سەربازان، بەشەخۆراکی مانگانە و گرێبەستی هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای (ئەدنۆک) بکرێت.»
ئەم گرژییانە دوای ئەوە دێن کە عەلی زەیدی، ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی بەقاچاغبردنی نەوت لە جورف ئەلسەخر وەرگرت کە بوونی پرۆسەی بەقاچاغبردن و پاڵاوگەی نەوتی لە ناوچەکەدا پشتڕاست کردبووەوە؛ لەسەر ئەو بنەمایەش زەیدی بڕیاری دا تۆمەتباران ڕەوانەی دادگا بکرێن و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئەمنی، سەربازی و کارگێڕی لە پارێزگای بابل لە کارەکانیان لابدرێن، لەوانە فەرماندەی پۆلیسی پارێزگا و بەرپرسانی دەزگاکانی هەواڵگری، ئاسایشی نیشتمانی، حەشدی شەعبی، پۆلیسی وزە و کۆمپانیای هێڵی بۆرییە نەوتییەکان.

