zagros news agency

ترەمپ، پووتین و شی جین‌پینگ سەبارەت بە جەنگی ئێران گفتوگۆ دەکەن

کۆشکی سپی ڕایدەگەیەنێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە لە یەکەمین کۆبوونەوەی سێقۆڵی سەرکردەکانی ئەمریکا، ڕووسیا و چیندا، سەبارەت بە جەنگی ئێران و کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین و شی جین‌پینگ گفتوگۆ دەکات.
کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی تشرینی دووەم (٢٨ی خەزەڵوەر) لە یەکەمین کۆبوونەوەی سێقۆڵی سەرکردەکانی ئەمریکا، ڕووسیا و چیندا، سەبارەت بە جەنگی ئێران و کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین و شی جین‌پینگ گفتوگۆ دەکات.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەم کۆبوونەوەیە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی “ڕێکخراوی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن” لە شاری شێنژێنی چین بەڕێوە دەچێت.
ئۆلیڤیا وێڵز، یاریدەدەری گوتەبێژی کۆشکی سپی، ڕۆژی هەینی ١٣ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند کە ترەمپ نیازی هەیە بابەتی کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا بورووژێنێت، چونکە بڵاوبوونەوەی ئەم چەکانە بە زۆر مەترسیدار دەزانێت.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی گوتی کە ترەمپ نیازی هەیە لە کۆبوونەوەی سێقۆڵیدا لەگەڵ شی جین‌پینگ و ڤلادیمیر پووتین تەنها سەبارەت بە جەنگی ئێران گفتوگۆ بکات. ئەو جەختی کردەوە کە جەنگی ڕووسیا دژ بە ئۆکراینا لە کارنامەی ئەم کۆبوونەوەیەدا نییە، چونکە واشنتن گفتوگۆی جیاواز لەگەڵ کیێڤ و مۆسکۆ بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە بەدواداچوون دەکات و چین لەو پڕۆسەیەدا بەشدار نییە.
ترەمپ هەروەها بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە دیدارێکی جیاواز لەگەڵ سەرۆککۆماری چین ئەنجام بدات، بەڵام دیدارێکی دوولایەنەی سەربەخۆ لەگەڵ پووتین بۆی دانەنراوە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر واشنتن جێدەهێڵێت و دوای بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی یەکێتیی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا (ئاسێئان) لە فلیپین، بەرەو چین بەڕێ دەکەوێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

نیویۆرک… سودانی له‌گه‌ڵ گوتیرێس چه‌ند ته‌وه‌رێكیان تاوتوێكرد

سەڵاح

‎نرخی ئۆنسەیەک زیو بەرزبووەوە و گەیشتەوە 77 دۆلار

گوران

کەنعان خەیلانی بۆ زاگرۆس نهێنی مانه‌وه‌ و به‌هێزبوونی پارتی ده‌خاته‌روو

یاسین