ئەمڕۆ یەکشەممە، پازدەی تشرینی دووەمی دووهەزار و بیست و شەش، لە دیوانی پارێزگا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە خانەوادەی شەهید محەممەد ڕەسووڵ کرد؛ ئەو گەنجە خۆبەخشەی لە کاتی لافاوەکەی هەولێردا، لە پێناو ڕزگارکردنی گیانی هاووڵاتییان، گیانی خۆی بەخت کرد.
لە میانی دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر وێڕای دەربڕینی هاوخەمی، ستایشی ڕۆحی بەرزی مرۆیی و قوربانیدانی شەهید محەممەد ڕەسووڵی کرد و بە پاڵەوان و مایەی شانازی ناوی برد. هاوکات جەختی کردەوە، کە ئەو هەڵوێستە ئازایانەیەی ناوبراو بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، هەمیشە بە زیندوویی لە یادەوەریی خەڵکی هەولێر و کوردستاندا دەمێنێتەوە.
لای خۆیانەوە، خانەوادەی شەهید محەممەد ڕەسووڵ، سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری هەولێر، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و سەرجەم تیمە خۆبەخشەکان کرد، لە بەرامبەر ئەو گرنگیدان، دڵنەوایی و هاوخەمییەی لەم کۆستەدا پێشکەشیان کردوون.

