zagros news agency

جیابوونەوەی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان؛ پاشەکشەیەکی سەد ساڵەیە لە خەباتی نەتەوەی کورد

 

مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە باشووری کوردستان، مێژوویەکی پڕ لە تاڵی، ناخۆشی و قوربانیدانی بێشومارە، ئەوەی بەدرێژایی سەدەی ڕابردوو بە خوێنی هەزاران شەهید و ماندووبوونی گەلەکەمان بەدەست هاتووە، بونیادنانی قەوارەیەکی دەستووری و یەکگرتووە بە ناوی (هەرێمی کوردستان)، کە ئەمڕۆ خاوەنی حکومەت، پەرلەمان و هێزێکی پۆڵایینی وەک پێشمەرگەی کوردستان، لەم سۆنگەیەوە، پاراستن و بەهێزترکردنی ئەم کیانە ئەرکێکی نیشتمانییە و هەر هەوڵێک یان بیرۆکەیەک بۆ جیاکردنەوەی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری لە هەرێمی کوردستان، تەنیا کێشەیەکی ئیداری نییە، بەڵکو گەڕانەوەی پرسی کوردە بۆ سەد ساڵ لەمەوبەر و لاوازکردنی ئەو دەستکەوتانەیە کە بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون.
پێگەی مێژوویی سلێمانی و پاراستنی دامەزراوە نیشتمانییەکان، هەمیشە وەک ناوەندێکی سەرەکیی هوشیاریی نەتەوەیی، ئەدەبی و شۆڕشگێڕی لە مێژووی کورددا بینراوە، جیاکردنەوەی ئەم شارە لە جەستەی هەرێمی کوردستان، بە واتای دابڕینی شادەمارێکی مێژوویی دێت لە قەوارەی کوردی، کاتێک باس لە پاشەکشەی سەد ساڵە دەکەین، مەبەستمان گەڕانەوەیە بۆ ئەو سەردەمە کە خاکی کوردستان کرا بە چوار پارچە ودابەشی سەر چوار ووڵات کرا، و دواتر پێش دروستبوونی کیانی سیاسیی کورد لە ساڵی ١٩٩١ و دەستووری ٢٠٠٥؛ ئەو سەردەمەی گەلی کورد بێ چەترێکی یاسایی و بێ دامەزراوەی فەرمی بوو، ئەمڕۆ کە ئێمە خاوەنی حکومەتێکی بەهێز، پەرلەمان و هێزی پێشمەرگەین وەک قەڵغانی پاراستنی خاک و گەل، هەر جۆرە پارچەبوونێک زەبرێکی کوشندە لە شکۆ و هێزی ئەم دامەزراوانە دەدات، لاوازبوونی پێگەی کورد لە بەغدا و ناوچەکە بە بڕوای ئێمە هێزی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لە یەکگرتوویی جوگرافی و سیاسییەکەیدایە، ئەگەر هەرێم ببێت بە دوو بەش یان دوو هەرێمی جیاواز، ئەو قورساییە دەستووری و سیاسییەی ئێستا هەیەتی لەدەستی دەدات و کیانەکەمان بەرەو لاوازی دەچێت، لەم دۆخەدا، هەر لایەنێک بە تەنیا لە بەرامبەر ناوەند و وڵاتانی هەرێمایەتیدا لاواز دەبێت و توانای بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکان، بودجە و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (ماددەی ١٤٠) بەرەو نەمان دەچێت، مێژووی تاڵی ڕابردووش فێری کردووین کە هەرکاتێک ناکۆکییە ناوخۆییەکان بووبنە هۆی لێکترازان، نەیاران زۆر بەئاسانی توانیویانە دەستکەوتەکانمان لەناوببەن.
جیاوازی نێوان چاکسازی و هەڵوەشاندنەوە لە گۆڕەپانی سیاسیدا، هەندێک لایەن کاتێک باس لە لامەرکەزییەت یان مامەڵەی جیاواز لەگەڵ بەغدا دەکەن، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە شێوازی دابەشکردنی داهات یان کێشە ئیدارییەکان پێناسەی دەکەن، بەڵام پێویستە هەمیشە جیاوازییەکی ڕوون بکرێت لە نێوان داواکاری بۆ چاکسازی و لاوازکردنی قەوارەی هەرێم، ڕەخنەگرتن و هەوڵدان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان لە چوارچێوەی حکومەت و پەرلەمانی کوردستاندا مافێکی ڕەوایە و دەبێتە هۆی پتەوترکردنی ناوخۆ، نەک بیرکردنەوە لە دابڕان کە تەنیا خزمەت بە نەیارانی ئەزموونەکەمان دەکات.
لە کۆتاییدا گەلی کورد باجێکی زۆر قورسی داوە تا گەیشتووەتە ئەم قۆناغەی ئەمڕۆ کە تێیدا خاوەنی حکومەت، پەرلەمان و هێزی پێشمەرگەی خۆیەتی، بۆیە پاراستنی یەکپارچەیی هەرێمی کوردستان و ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردنی، بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە لەسەر شانی هەمووان. چارەسەری سەرجەم کێشە ناوخۆییەکان تەنیا بە یەکڕیزی، گفتوگۆ و بەهێزترکردنی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێم دەکرێت، تاکو جارێکی تر مێژووە تاڵەکانی ڕابردوو دووبارە نەبنەوە و ئەم کیانە بە بەهێزی بۆ نەوەکانی داهاتوو بمێنێتەوە.

م. سەردار أسعد مامۆ
٢٠٢٦/١١/١٥ – هەولێر

هەواڵی پەیوەندیدار

ماسکەکانی پێستی سەر؛ هەنگاوێکی نوێ کە هاوسەنگی بۆ قژ دەگەڕێنێتەوە

یاسین

کەشناسی: پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتر دەبێت

سەڵاح

گواستنەوەی کارتی زانیاری لە نێوان پارێزگاکان راگیرا

سەڵاح