بەهرە محەمەد
دوا بەدوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ، مشتوومڕی زۆر دروستبوو لەسەر پرسی دوو ئیدارەیی و جیاکردنەوەی سلێمانی لە هەولێر و دابەشکردنی بۆسەر دوو زۆنی جیاواز ، بەڵام ئەم پرسە لە بنەڕەتدا پرسێکی مەترسیدار و پڕ لە ئاڵۆزیە ، چونکە ئەم هەرێمە هێشتا بە تەواوی کامل نەبووە و بەشێکی خاکەکەی نەگەڕاوەتەووە سەر باوەشی نیشتیمان. کەچی باس لە دابەشکاری ئەو بەشەش دەکرێت کە سەدان ساڵە تاکی کورد خەونی پێوە دەبینێت و سەدان شۆڕش و ڕاپەرینی لەپێناو کراوە . ئەگەر لە لایەنە یاساییەکەشەوە سەیری ئەم کاراکردنەوەی پەرلەمان بکەین کە بە دیموکراسی و دەنگی زۆرینە کاراکرایەوە ، هەم دیسان ئامانجەکەی پاراستنی ئەو قەوارەیە بوو کە لەبەردەم مەترسی هەڵوەشانەوە بوو جگە لەوەی کە بەشێک لە نەیارانی ناوخۆ و دەرەکی کاریان بە بڕشتەوە بۆ دەکرد و هەوڵ و تەقەللای زۆریان دەدا لەڕێگەی بەغدا و دامەزراوەکانی پەرلەمانی عێراق و دادگای فیدڕالی کار بۆ ئەوە بکەن ئەم هەرێمە هەڵبووەشێننەوە یاخود بیخەنە قۆناغی ڕاگوزاری تاوەکو زیاتر لاواز و بێ هێز ببێت و دوا جار دروستکردنەوەی ئەستەم بێت وەک ئەوەی لە ڕابردوو بینیمان لە هەڵوەشانەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم و چەند بڕیارێکی تری هەرێم لەلایەن پەرلەمان و دادگای فیدرالی عێڕاقەوە ، بۆیە ئەم پرسە خەتەرناکەی ئێستای هەرێم کە باس لە جیاکردنەوەی شاری سلێمانی و دوو ئیدارەیی دەکات جگەلە لەناوچوونی قەوارەی هەرێم و بێ هێزکردنی هەرێم هیچی تر نیە ، وە بۆ ئەم پرسە هیچ تاکێکی نیشتیمان پەروەر و خەمخۆرانی لەگەڵی نین چونکە زۆر باش دەزانن ئەمە زەنگی کۆتایی هاتنی هەرێم و لە بەرژەوەندی کورد و کوردستان و هاوڵاتیان نیە، جگە لە خزمەتکردنی نەیاران و دوژمنانی کوردستان کە سەردەمێکە خەون بە نەمانی ئەم هەرێمە دەبینن و کاری بۆ دەکەن ، ڕۆژانەش دەبینین لەڕێگەی بڕیار و یاساکانەوە لە بەغدا کار بۆ بچوککردن و لاوازکردنی هەرێم و نەمانی دەکەن ، زۆر جاریش لەلایەن بەرپرسانی عێراق و نەیارانی هەرێم بە فەرمی ئەوەمان بەرگوێ دەکەوێت کە خەونی ئەوان نەمانی هەرێمی کوردستانە. وە لەزۆر مەراسیم و بۆنە نەتەوەیی و تایبەتەکانەوە سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی ئەوەی دووپات کردۆتەوە کە هەرێمی کوردستان یەک زۆنە و بۆ هەمووانە و هەر دابەشکاری و هەبوونی زۆنی تر واتایی نەمانی هەرێمە ، چونکە سەرۆکی هەرێم وەک پارێزەری هەرێم لەوە تێدەگات و پەیام بە هەمووان دەدات کە نابێت ئەم پرسە باس بکرێت چونکە هیچ بەرژەوەندیێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی تێدا نیە . هەموو هێز و لایەنێکی سیاسی و ئەو گرووپ و هێزانەش کە بۆ فشار کردن بۆ سەر لایەنێک و بەدەستهێنانی دەستکەوتی کەسی و حزبی باسی ئەم پرسە دەکەن لە بنەڕەتدا باوەڕیان پێی نیە و تەنانەت دژی ئەمەن ، چونکە ناکرێت هێزێکی کوردی کە خاوەنی هەزاران شەهید و قوربانیدان بێت بۆ نیشتیمان و دروستکردنی کیانێکی سەربەخۆ ، ئێستا کار بۆ لەتکردنی هەرێم و دوو ئیدارەیی بکات ، ناکرێت هەبوونی ناکۆکیە حزبیەکانی هەر لایەنێک ببێتە هۆکار بۆ ورووژاندنی ئەم پرسە هەستیارە کە دەرەنجامەکەی کارەسات و پەشیمانی بەدوواوەیە. سەرۆک بارزانی وەک مەرجەع و سەرکردەی کورد لە پەیامێکی ئاشکرادا داوایکرد لایەنە سیاسیەکانی هەرێم کۆببنەوە و لەڕێگەی گفتووگۆ کار لەسەر ناکۆکیەکان بکەن و ڕێکبکەون ، بۆئەوەی لە کاتێکی زوو حکومەتێکی نوێ و کارا دروست بکەن تاکو هەرێم بە بەهێزی بمێنێتەوە . پەیامەکەی سەرۆک بارزانی زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە ئاراستەی لایەنەکانی کرد و داوای لێکردن ڕێکبکەون بۆ ئەوەی پرسە ناەخۆییەکان و گرفتەکان لەڕێگەی گفتووگۆ چارەسەر بکرێن چونکە سەرۆک بارزانی وەک ڕەمزێکی کورد کە هەموو تەمەنی بۆ خەبات و کوردایەتی تەرخانکردووە دەزانێ هێز لە یەکگرتوویی و یەکڕیزی دایە . بۆیە لەم قۆناغەدا دەبێت هەموومان تێگەشتنمان بۆ ئەم کێشە و ناکۆکیانە هەبێت و هەست بە بەرپرسیاریێتی بکەین بەرامبەر بە خاک و نیشتیمان و نەتەوەکەمان و کار بۆ یەکگرتوویی و یەک هەڵوێستی بکەین .
لەبیریشمان نەچێت دۆستەکانمان لە دەرەوە ئەوانەی پاڵپشتی هەرێم دەکەن داوایان لێکردوون کە پەنا بۆ ڕێگەی گفتووگۆ و کۆبوونەوە و لەیەک تێگەشتن ببەین تاکو بتوانین چارەسەری کێشەکان بکەین ، هەروەها مەترسی ئەوەشیان پێ گوتین کە جیاکردنەوە و دوو ئیدارەیی لەبەرژەوەندی کورد نیە و دەبێتە هۆی لاوازی پێگەی هەرێم و هەمووان لەم پرسەدا زەرەر مەندی یەکەمین .

