zagros news agency

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان: هەر ڕێکارێک لە دەرەوەی دەستوور بێت کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات

پەرلەمانی كوردستان بە نیگەرانیەوە دەڕوانێتە ئەو ڕاگەیەندراوەی ئەمڕۆ لەلایەن ووتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە بڵاوكرایەوە، كە پێشێلی مافە دەستوریەكانی هەرێمی كوردستان دەكات. دەستوری عێراق سیستەمی حوکمڕانیی ووڵاتی بە فیدراڵی دیاری کردووە، دانی ناوە بە هەرێمی کوردستاندا وەک هەرێمێکی فیدراڵی، مافی پیادەکردنی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریی پێداوە. هەرێمی کوردستان یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ئەو سیستەمە فیدراڵیەی دەستوری ٢٠٠٥ بنیاتی ناوە، و هەمیشە پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای ماف و ئەرکە دەستوریەکان ڕێکخستووە.

 

ئێمە وەک دامەزراوەی یاسادانانی هەرێم و نوێنەری ئیرادەی گەلی کوردستان، پاراستنی پێگەی دەستوریی و دەسەڵاتە یاسایەکانی هەرێم بە ئەرکێکی نیشتمانی و دەستوریی خۆمان دەزانین. دووپاتی دەکەینەوە کە هەر ڕێکارێک لە دەرەوەی ئەو ڕێگایانەی دەستور دیاری کردوون، پێچەوانەی بنەمای جیاکردنەوە و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانە لە نێوان ئاستی فیدراڵی و هەرێمدا. هەروەها گیانی هاوبەشی و ڕێککەوتنی نیشتمانی لاواز دەکات، کە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە. ئەم جۆرە ڕێکارانە لە جیاتی چارەسەر، کێشەکان ئاڵۆزتر دەکەن و ئاسایش و سەقامگیریی گشتی دەخەنە مەترسیەوە.

 

لێرەوە دووپاتی دەكەینەوە، بەوپێیەی دەستور یاسای باڵای ووڵاتە، بۆیە دەبێت یەکلاییکردنەوەی هەر ناکۆکیەک لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدا لە ڕێگەی دەقەکانی ئەو دەستورە و ئەو میکانیزمانەوە بێت کە دیاری کردوون، نەک لە ڕێگەی لێدوانی میدیایی و هەنگاوی تاكلایەنە. ئێمە پێشوازی دەكەین لە هەر هەوڵێک کە ئامانجی نەهێشتنی گەندەڵی و ڕێگرتن بێت لە پێشێلکاریە یاساییەکان، لەسەر بنەمای دەستور و یاسا بەرکارەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێم. لێرەوە داوا لە سەرجەم دامەزراوە فیدراڵیەکان دەکەین گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و پابەندبوون بە دەقی دەستور بکەنە بنەمای ڕێگەی چارەسەر، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیی سەرجەم هاووڵاتیانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بپارێزرێت.

 

 

 

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان

 

٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار

لە ڕووداوێکدا حەفت ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا

یاسین

سەنا بەرزنجە “سەراب”ـی بڵاوکردەوە؛ دەپرسێت: کێ سەرابی تۆیە؟

ART

ئه‌مه‌ریكا… پێنج کەس به‌ ته‌قه‌ كوژران

سەڵاح