zagros news agency

ناوەند و سێبەری هەژموون؛ نەخشەڕێگەی مانەوەو سەروەریی کوردستان

ناوەند و سێبەری هەژموون؛ نەخشەڕێگەی مانەوەو سەروەریی کوردستان

 

​پشت پەردەی هەنگاوەکانی بەغدا – کوردستان چۆن لەم گەلەکۆمەکییە دەربازدەبێت؟

 

 

نووسينى/ صادق سيرينى

 

 

​ئەوەی ئەمڕۆ لەبەغدا دەبیسترێت و بەدەنگی عەلی زەیدی دەردەکەوێت، تەنیا هەڵوێستێکی سیاسیی کاتی یان ململانێیەکی ڕۆژانەی نێو پەرلەمان و حکومەتی عێڕاق نییە؛ بەڵکو ئەڵقەیەکی نوێیە لەزنجیرەیەک هەنگاوی پێشوەختە داڕێژراو کە ڕەهەندەکانی زۆر لەوە قووڵترن کە لەڕووکەشدا دەردەکەون. کاتێک بەوردی سەیری کۆی ئەم جوڵانە دەکەین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئامانجی سەرەکیی دووبارە ڕێکخستنەوەی هاوسەنگیی هێزە لەعێڕاقدا، بەشێوەیەک کە قەوارەو پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بخاتە ژێر فشارێکی زۆرترەوەو سنوورەکانی دەستەڵاتی بەرتەسک بکاتەوە. لەنێو ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، کۆکردنەوەی هەژموون لەناوەندو هەوڵدان بۆ وشککردن و سنوردارکردنی سەرچاوە ئابووریی و هەرێمایەتییەکانی نەیاران، پێکەوە کوردستان دەخەنە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت و چارەنووسساز کە بێدەنگی تێیدا باجێکی قورسی دەبێت.

 

​مێژوو و عەقڵییەتی حوکمڕانی لەناوەند

 

​بۆ تێگەیشتن لەم دۆخە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی مێژوو؛ مێژووی دەوڵەتداریی لەعێڕاقدا، بەدرێژایی سەدەیەک، بەردەوام لەسەر بنەمای مەرکەزییەتی توندو هەوڵدان بۆ سڕینەوەو تواندنەوەی تایبەتمەندییە نەتەوەیی و هەرێمایەتییەکان بونیاتنراوە. کاتێک باس لەعەقڵییەتی حوکمڕانی لەبەغدا دەکرێت، دەبێت ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگر لەبەرچاو بگرین: زۆرجار دیدگا مەزهەبیی و مێژووییەکان، لەگەڵ بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییە نێودەوڵەتییەکاندا یەک دەگرنەوە بۆ ئەوەی ناوەندێکی بەهێزو بڕیاردەر دروست بکەن. لەم ڕوانگەیەوە، دۆسییەو ناوچە هەستیارەکانی وەک جوڕفوسسەخەڕو گۆڕانکارییە ئەمنیی و سیاسییەکانی دەوروبەری، تەنیا وەک ڕووداوی جیاوازو دابڕاو سەیر ناکرێن، بەڵکو وەک پێشەکیی و بەشێک لەنەخشەیەکی فراوانتر دەبینرێن کە ئامانجی سەرەکی کۆنترۆڵکردنی جومگە سەرەکییەکانی دەستەڵات و ئابوورییەو تەسلیمکردنەوەشیان کارێکی سادەو بێ بەرامبەر نییە.

​لەپشت ئەم جوڵانەوە ناوخۆییانەشەوە، هێزە گەورەکان بەتایبەتی ئەمریکا، بەپێی ئەولەوییەتەکانی خۆی – وەک کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران و ڕێکخستنەوەی سەرچاوەکانی دارایی و وزە – داشەکانی سەر تەختەی شەتڕەنجەکە دەجوڵێنێت. مەترسیی گەورە لێرەدایە کە ئەگەر سەرکردایەتیی کورد لە ژێر چەتر و ڕابەرايەتی يەک سەرکردە کۆنەبنەوە و يکگرنەبن.

 

​برین و کەلێنە ناوخۆییەکان؛ هۆکاری سەرەکیی لاوازی لەبەرامبەر دەرەوەدا

 

​ڕاستییەکی تاڵ هەیە کە دەبێت دانی پێدا بنێین: هیچ گەلەکۆمەکییەکی دەرەکی بەبێ بوونی کەلێن و درز لەناوخۆدا سەرکەوتوو نابێت. ئەو پەرتەوازەیی و دووبەرەکییەی لەنێوان هێزەکانی کوردستان بوونی هەیە، گەورەترین هاندەر بووە بۆ ئەوەی بەغدا هەنگاو بنێت و فشارەکانی چڕتر بکاتەوە. کاتێک ناوەندیی بڕیاری کورد یەکگرتوو نەبێت و ململانێی حزبی لەسەر حیسابی گوتاری نیشتیمانیی بەردەوام بێت، نەیاران دەرفەت دەبینن کە متمانە بەتوانای هەرێم بۆ بەرگریکردن لەمافەکانی لاواز بکەن و یاری بەناکۆکییەکانمانەوە بکەن.

​ئەم لاوازییە ناوخۆییە تەنیا لەڕووی سیاسییەوە زیانی نەبووە، بەڵکو کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی ئابووریی، مووچە، سەروەریی خاک و پێگەی دیپلۆماسیی هەرێم داناوە. لەدۆخێکی ئاوادا، چاوەڕوانکردنی ئەوەی کە هەڵوێست و پەرچەکرداریی لایەنە کوردییەکان بەشێوەیەکی خۆکارانە یان پێچەوانەی پێشبینییەکان بێت، چیتر بەس نییە؛ بەڵکو قۆناغەکە پێویستی بەبڕیارێکی ستراتیجیی ڕوون و بوێرانە هەیە کە پێش هەر شتێک بەرژەوەندیی نیشتیمانیی بخاتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی تەسکەوە.

 

​چی بکرێت؟ نەخشەڕێگەی  دەربازبوون

 

​بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بتوانن بەزووترین کات لەم گەلەکۆمەکییەو قەیرانە قووڵانە دەربازبن، پێویستە دەستبەجێ کۆمەڵێک هەنگاوی کردەیی و ستراتیجی بنرێت کە قورسایی و سەنگ بۆ هەرێم بگەڕێنێتەوە:

 

​هەنگاوی یەکەم/

یەکخستنەوەی دەستبەجێی گوتارو بڕیاری نیشتیمانیی: ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی باڵای بێ دواکەوتن لەنێوان سەرکردایەتیی سیاسیی و حکومەت، بۆ داڕشتنی ستراتیجێکی هاوبەش و یەکگرتوو بەرامبەر بەغدا. دەبێت هەر هەنگاوو پەیامێک لەیەک سەرچاوەو بەیەک ڕۆحی نیشتیمانییەوە دەربچێت، تا هیچ لایەنێک نەتوانێت سوود لەجیاوازیی دیدگاکان وەربگرێت و دەرگای دەستوەردان دابخرێت.

 

​هەنگاوی دووەم/

خوێندنەوەی واقیعیانەو ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان: هەرێم پێویستی بەدیپلۆماسییەتێکی کاراو بەهێز هەیە لەگەڵ ئەمریکاو پایتەختە بڕیار بەدەستەکان، بەشێوەیەک کە ماف و قەوارەی دەستووریی کوردستان وەک بەشێکی سەرەکیی سەقامگیریی ناوچەکە بناسێنرێت، نەک وەک دۆسیەیەکی لاوەکی. هاوکات، دەبێت بەوردی لەمەبەستەکانی پشت پەردە تێبگەین و نەبینە ئامرازی هیچ یەکێک لەجەمسەرە ململانێ کارەکان، بەڵکو پارێزەری بەرژەوەندیی باڵای خۆمان بین.

 

​هەنگاوی سێیەم/

یەکێک لەگەورەترین کارتەکانی فشار لەسەر هەرێم، دۆسیەی دارایی و ئابوورییە. پێويستە حکومەتی هەرێم بەپەلە پلانی خۆبژێویی و ڕێکخستنەوەی داهاتە ناوخۆییەکان لەتەواوی هەرێمی کوردستان و شەفافییەت لەسەرچاوە داراییەکانی خاڵە سنوريەکان جێبەجێبکات، بۆ ئەوەی بڕینی مووچە یان فشار ئابوورییەکان چیتر نەبنە چەکێک بەدەستی نەياران و بەکاريبێنن لە دژی  حکومەتی هەرێم.

 

هەنگاوی چوارەم/

پاراستنی سەروەریی خاک و ناوچە کێشە لەسەرەکان: هەر گۆڕانکارییەکی ئەمنی یان سەربازیی لەناوچەکەدا، پێویستی بەئامادەیی و هۆشیاریی تەواو هەیە. دەبێت هێزەکانی پێشمەرگەو دەستگە ئەمنییەکان لەئامادەباشیی تەواو دابن بۆ پاراستنی سنوورەکان و ڕێگریی لەهەر هەوڵێک کە بیەوێت واقیعیی سەربازیی یان دیموگرافیی بەسەر کوردستاندا بسەپێنێت.

 

 

کاتی بەرپرسیارییەتی مێژووییە

 

مێژوو لێبوردەیی  نانوێنێ بەرامبەر ئەو سەرکردانەی لەکاتی مەترسییە گەورەکاندا دوودڵ دەبن یان بەرژەوەندییە بچووکەکان پێش بەرژەوەندیی گشتی دەخەن. ئەمڕۆ ڕۆژی هەڵوەستەکردن و خۆنواندن نییە؛ ڕۆژی هەستکردنە بەبەرپرسیارییەتی مێژوویی و نەتەوەیی. ئەگەر کوردستان بەیەکگرتوویی، هۆشیاریی ستراتیجیی و هەنگاوی خێراوە بێتە مەیدان لە ژێر چەتری ڕابەڕايەتی سەرۆک مسعود بارزانی، نەک تەنیا دەتوانێت ئەم گەلەکۆمەکییە تێپەڕێنێت، بەڵکو دەتوانێت ئەم قۆناغە سەختە بکاتە خاڵی وەرچەرخان بەرەو سەقامگیریی و پێگەیەکی بەهێزتر بۆ داهاتوو.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ لە نێوان سەرۆکێکی مێژوویی و جیهان

سەڵاح

بارزانی و شۆڕشی مەزنی  ئەیلوول و دەیان دەستكەوت و شانازی هەمیشەیی

سەڵاح

قەوارەیا هەرێمێ، مافێ گەلێ کورد و موڵکێ خوینا شەهیدانە

دڵشاد