ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ڕووداوێکی هاتووچۆی دڵتەزێن لەسەر ڕێگای بازنەیی (الطريق الدائري) لە ناوچەی وەڕاق لە پارێزگای جیزەی میسر ڕوویدا، کە بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی دەیان کەس.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ڕووداوەکە کاتێک ڕوویداوە کە شۆفێری بارهەڵگرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی بە ئاڕاستەی ناوچەی هەرەم (پێش وێستگەی میترۆی قەومییە) کۆنترۆڵی لەدەستداوە؛ بەهۆیەوە بارهەڵگرەکە بەربەستە کۆنکرێتییەکانی بڕیوە و وەرگەڕاوە و گڕی گرتووە، دواتریش ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە و نزیکەی ٨ ئۆتۆمبێلی دیکەی دەوروبەری سووتاندووە.
وەزارەتی تەندروستیی میسر لە ئامارێکی سەرەتاییدا ڕایگەیاند، بەهۆی ڕووداوەکەوە ٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٥ کەسی دیکەش برینداربوون.
دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە، دەستەی فریاگوزاریی میسر ٣٩ ئەمبوڵانسی ڕەوانەی شوێنەکە کرد بۆ گواستنەوەی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکانی زایدی تایبەت، ئیمبابەی گشتی و وەڕاقی ناوەندی، هاوکات تیمەکانی بەرگریی شارستانیش توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و بیکوژێننەوە.
لەلای خۆیەوە، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ پێشکەشکردنی چاودێریی تەندروستیی تەواو بە بریندارەکان و هاوکاریکردنی کەسوکاری قوربانییان، هەروەها مستەفا مەدبوولی، سەرۆکوەزیرانی میسر فەرمانی کرد بە خەرجکردنی بەپەلەی قەرەبوو بۆ زیانلێکەوتووانی ڕووداوەکە.

