جەماوەری خۆڕاگر و خۆشەویستی شاری هەولێر، سەرجەم چین و توێژەکان، پێکهاتە و ئازادیخوازان…
ئەمڕۆ خاک و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی، یەکدەنگی و هەڵوێستی مەردانەی ئێوەی دڵسۆز هەیە.
لە پێناو پشتیوانیکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و پاراستنی خاکە پیرۆزەکەی، سبەی پێنجشەممە 26ـی 11ـی 2026، کاتژمێر 10:30ـی بەیانی لە باغی شار (نزیک قەڵای سەربەرزی هەولێر)، گەورەترین گردبوونەوە و خۆپیشاندانی جەماوەری و نیشتمانی ساز دەکرێت.
هەولێر هەمیشە قەڵای بەرگری و سەرمەشقی هەڵوێستە نیشتمانییەکان بووە، بۆیە داوا لە گەورە و بچووک، فەرمانبەران، مامۆستایان، قوتابیان، کرێکاران، کاسبکاران، گەنجان، ئافرەتان، سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەین، بە جۆش و خرۆشێکی کوردانەوە بەشدارییەکی فراوان و کارایان هەبێت، بۆ ئەوەی پەیامێکی ڕوون، ئاشتیخوازانە و یەکگرتوو بگەیەنینە هەموو جیهان.
جەخت دەکەینەوە کە لەم گردبوونەوەیەدا تەنها ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەرز دەکرێتەوە و بەرزکردنەوەی هیچ ئاڵا و دروشمێکی دیکەی حزبی یان تایبەت ڕێگەپێدراو نییە، چونکە سبەی ڕۆژی کوردستانە و هەموومان لە ژێر سایەی یەک ئاڵادا کۆدەبینەوە.
سەبارەت بە دەوامی فەرمی، ئاگاداری سەرجەم هاووڵاتییان و فەرمانبەران دەکەینەوە کە سبەی پشووی فەرمی نییە و دەوامی دامودەزگاکان ئاسایی دەبێت بۆ ڕاییکردنی کاروباری هاووڵاتییان، بەڵام دەسەڵاتی تەواو دراوە بە سەرجەم بەڕێوەبەر و بەرپرسانی فەرمانگە و ناوەندەکانی خوێندن کە هەموو ئاسانکارییەک بکەن و مۆڵەت بدەنە فەرمانبەران و مامۆستایان تاوەکو بتوانن بەشداری لەم ئەرک و هەڵوێستە نیشتمانییەدا بکەن.
چاوەڕوانی هیممەت، غیرەت و ئامادەبوونی دڵسۆزانەی هەمووانین لە پێناو شکۆی کوردستاندا.
ئومێد خۆشناو
پارێزگاری هەولێر
25ـی 11ـی 2026

