ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە دەستوورییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆیەکی نیشتمانی بە بەشداریی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق ساز دەکرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، بڕیارە گفتوگۆ نیشتمانییەکە لە رۆژی 1ـی کانوونی یەکەمی 2026، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بەڕێوەبچێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە کۆبوونەوەکەدا جگە لە هەر چوار سەرۆکایەتییەکە، ژمارەیەک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادە دەبن، ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکەش تاوتوێکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دۆزینەوەی چارەسەرە بۆیان لەسەر بنەمای دەستوور.

