zagros news agency

لە پەنجەرەیەکی بچووکی خواردنگەیەکەوە بۆ سەر شاشەی نێتفلێکس

ئافەرتێکی ئەمریکی بە ناوی شێلا ویلیامز، هەرگیز بیری لەوە نەدەکردەوە کە کارکردنی درێژخایەنی لە خواردنگەیەکی خواردنی خێرادا، ببێتە چیرۆکێکی مرۆیی کاریگەر و ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا بینەری بن.

شێلا ویلیامز ماوەی ٣٧ ساڵی تەمەنی لە پێشکەشکردنی بەرگر بە کڕیاران لە شاری گەینزڤیل لە ویلایەتی فلۆریدا بەسەربردووە.

ئێستا ئەم خانمە بووەتە پاڵەوانی فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری کە لەسەر پلاتفۆرمی جیهانیی نێتفلێکس نمایش دەکرێت و تێیدا تیشک دەخرێتە سەر گەشتی ژیانی و ئەو پەیوەندییە تایبەتەی لەگەڵ دانیشتووانی شارەکەیدا دروستی کردووە.

فیلمەکە بە ناوی «One Last Order» واتە (دوایین داواکاری) بەرهەمهێنراوە و کاروانی پیشەیی ویلیامز دەگێڕێتەوە؛ چۆن توانیویەتی لە پشت پەنجەرەیەکی بچووکی پێشکەشکردنی خواردنەوە، پردێکی مرۆیی پتەو لەگەڵ چەندین نەوەی جیاوازی کڕیاراندا بنیات بنێت کە بۆ چەندین ساڵ ڕاهاتبوون بە بینینی و مامەڵەکردن لەگەڵیدا.

سەرەتای کارکردنی شێلا ویلیامز لەو خواردنگەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٧. ئەو بەوە ناسرابوو کە توانایەکی سەرسوڕهێنەری هەبوو لە بیرکەوتنەوەی ناوی کڕیارەکان و ژەمە دڵخوازەکانیان، سەرەڕای ئەوەی هەمیشە گرنگیی بە وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان دەدا. ئەم هەڵسوکەوتە وایکردبوو کە لای خەڵکەکە تەنیا کارمەندێکی ئاسایی نەبێت، بەڵکو ببێتە بەشێک لە ژیانیان.

کاتێک لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا ویلیامز بڕیاری خانەنشینبوونی دا، خاوەنی خواردنگەکە وەک ڕێزلێنانێک بۆ دڵسۆزی و ماندووبوونی چەندین ساڵەی، بڕیاریدا تەواوی داهاتی دوایین ڕۆژی کارکردنی پێشکەش بە ئەو بکات.

ئەم دەستپێشخەرییە زۆر بە خێرایی بووە ئاهەنگێکی جەماوەریی گەورە؛ کڕیارەکان بە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە بۆ چەندین کاتژمێر لەبەردەم خواردنگەکەدا ڕیزیان بەستبوو، بە دیاری و نامەی سوپاس و پێزانینەوە هاتبوون تا ماڵئاوایی لێبکەن و ڕێز لە مێژووی کارکردنی بگرن.

ئەو پێشوازییە گەرم و بەرفراوانەی خەڵکی شارەکە بووە هۆی ئەوەی کە شێلا ویلیامز تەنیا لە یەک ڕۆژدا بڕە پارەیەک بەدەستبهێنێت کە نزیک بوو لە مووچەی تەواوی ساڵێکی کارکردنی، ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ ئەو پێگە بەرزەی کە لە دڵی دانیشتووانی شارەکەدا هەیەتی.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە سەر فەرمانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم یاریگەی شەهید “فەڕەنسۆ هەریری” نۆژەن دەکرێتەوە

یاسین

کۆبوونەوەى یەکلایکردنەوە و چارەسەرى گرفت و کێشەکانى زەوی و زار ئەنجامدرا

یاسین

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى تاران ده‌كات

سەڵاح