zagros news agency

زمانی هەڕەشە ئیرادەی هەرێمی کوردستان ناشکێنێت

 

دیار مەلا خدر

لە کاتێکدا وا چاوەڕوان دەکرا حکومەتی فیدڕاڵی بگەڕێتەوە سەر رێڕەوە یاسایی و دەستوورییەکان و بنەماکانی هاوبەشی، سازان و هاوسەنگی، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە بڕیار و هەنگاوە نا دەستوورییەکانی زەیدی و هەوڵەکانیان بۆ دەست بەسەرداگرتنی کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دۆخەکەی گەیاندووەتە قۆناغێکی مەترسیدار.
ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێت تەنها پێشێلکارییەکی زەقی دەستوور نییە، بەڵکو هەوڵێکی ڕوونە بۆ سەپاندنی عەقڵییەتی ناوەندگەرایی و هەڕەشەکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و مافە ڕەواکانی خەڵکەکەی. دەستووری هەمیشەیی عێراق بە ڕوونی دەسەڵاتەکانی پەیوەست بە نەوت، سامانە سروشتییەکان و دەروازە سنوورییەکانی بە هاوبەشی دیاری کردووە، بەڵام لە جیاتی پابەندبوون بەو دەقە دەستوورییانە، بڕیاری تاکلایەنە و زمانی هەڕەشە بەکاردەهێنرێت. ئەوەی مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە حکومەتی فیدڕاڵی خۆی لە جێبەجێکردنی دەیان ماددەی دەستووریی تایبەت بە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دزیوەتەوە و پشتگوێی خستوون لە سەرووی هەمووشیانەوە ماددەی (١٤٠)ی پەیوەست بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، شایستە داراییەکانی پێشمەرگە و بودجەی هەرێم، کەچی ئێستا بە هەڕەشە و فشار دەیەوێت ئیرادەی هەرێم بشکێنێت.
بەڵام ئەو هەڕەشە و پێشێلکارییانە هەر زوو رەتکرانەوە چ لەسەر ئاستی سەرکردایەتی سیاسیی و حکومەتی هەرێم چ لەسەر ئاستی جەماوەری، و ئەوە سەلمێنرا کە شەقامی کوردستانی و هێزە سیاسییەکان و حکومەتی هەرێم لەسەر پاراستنی مافە دەستوورییەکان و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە زوڵم و خۆسەپاندنێک یەکدەنگن.
مێژووی پڕ سەروەریی گەلی کوردستان سەلماندوویەتی کە هیچ هەڕەشە و بڕیارێکی نادەستووری نەیتوانیوە ئیرادەی گەلی کورد بشکێنێت. هەرێمی کوردستان، بە پشتبەستن بە شەرعییەتی دەستووریی و ئیرادەی پۆڵایینی گەلەکەی، بە هەموو شێوەیەک بەرەنگاری ئەو زوڵم و ستەمە دەبنەوە و هەرگیز دەستبەرداری مافە ڕەوا و دەستوورییەکان نابن؛ چونکە مافی گەلێک کە بە خوێن و خەبات بەدەستی هێناوە، بە هەڕەشە و بڕیاری تاکلایەنە زەوت ناکرێت، بێگومان ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە هەستیار و ئوو پێشێلکارییانە پێویستی بە هەڵوێستی هاوبەش و یەکدەنگیی تەواوی هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە. لەم قۆناغەدا، کاراکردنەوە و خێراکردنی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ ڕێکخستنەوەی تواناکان و بەرگرییەکی پتەوتر لە قەوارەی هەرێم. بە یەکڕیزیی ناوخۆیی و ئیرادەی گەل، هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە بەهێزی دەمێنێتەوە و هیچ زمانێکی هەڕەشە ناتوانێت مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی گەلەکەمان لەبار ببات.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەری ڕم و شوورەی پۆڵایین 73 ساڵ تێکۆشان وقوربانیدان

سەڵاح

ماڵپەڕی هەواڵی زاگرۆس نوێدەكرێتەوە و بە ڤێرژنێكی پێشكەوتوو وەشانی دەست پێدەكات

hakar herki

ڕەوان ئیدریس بارزانی: باوکە، تۆ ڕۆیشتی و جێتنەهێشتین!

یاسین