سەرۆکی حکومەت
* بڕیاربەدەستانی بەغدا ، باوەڕیان بەفیدرالیزم نییە و دەیانەوێ بە عەقلییەتێکی مەرکەزی ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن و مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکەن.
* دەبێ دەستوور وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت نەک بەشێوەیەک کە ئەوەی لە بەرژەوەندیی خۆیان بێت جێبەجێی بکەن و ماددەکانی تریش فەرامۆش بکەن وەک ماددەی 140 کە چەندین ساڵە جێبەجێ نەکراوە.
* بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هەوڵی پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدرێت کە قبوڵکراو نییە.
* ئەگەر بەڕاستی مەبەستییان سەروەریی یاسایە ، عێراق پرە لە گەندەڵی و دزی و چەکی بێ مۆڵەت، با ئەوانە بنبڕ بکەن.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 11/26 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە باڵیۆز و کونسوڵی گشتی و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان و نوێنەری ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان کرد .
سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی ئەم دواییانەی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیداڵ .
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە لە دوای 2003 ەوە، سیستەمی سیاسیی عێراق لەسەر بنەمای فیدرالیزم بنیات نرا و هەرێمی کوردستان بە پێی دەستوور قەوارەیەکی دەستووری و یاساییە ، بەڵام بڕیاربەدەستانی بەغدا ، باوەڕیان بە فیدرالیزم نییە و دەیانەوێ بە عەقلییەتێکی مەرکەزی ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن و مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکەن.
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە دەبێ دەستوور وەکوو خۆی جێبەچی بکرێت نەک بە شێوەیەک کە ئەوەی لە بەرژەوەندی خۆیان بێت جێبەجێی بکەن و ماددەکانی تریش فەرامۆش بکەن وەک ماددەی 140 کە چەندین ساڵە جێبەجێ نەکراوە و دۆخی نائاسایی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم ئاسایی نەکراوەتەوە.
سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە کێشەی گەلی کوردستان لەگەڵ حکومەتی بەغدا، تەنیا مووچە و بودجە نییە بەڵکو ماف و دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان و داننانن و ڕێزگرتنە لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.
گوتیشی ئێمە بەردەوام هاوکار و یارمەتیدەری حکومەتی فیدراڵ بووین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و کاری نایاسایی و ئامادەشین بۆ هەموو هاوکارییەک لەمبارەیەوە و بۆ چارسەرکردنی هەموو کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن و هیوادارین لە هەموو عێراق ، ئەوە کارە نایاساییانەی هەن بنبڕبکرێن، بەڵام ئەو ڕێکار و بڕیارانەی بەم دواییانە، بە ناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە دژی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەرچوون ، دەستووری نین و ڕەتی دەکەینەوە .
ئاماژەشی بەوە دا کە ئێمە لەگەل بنبڕکردنی گەندەلی و دزینی سامانی سروشتین لە هەموو عێراق و هەموو هاوکاریەکیش پێشکەش دەکەین بەڵام بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هەوڵی پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدرێت کە قبوڵکراو نییە.
ئەگەر بەڕاستی مەبەستییان سەروەری یاسایە ، عێڕاق پرە لە گەندەڵی و دزی و چەکی بێ مۆڵەت، با ئەوانە بنبڕ بکەن.
سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە، گەلی کوردستان بە هەموو هێزیکیەوە، بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی دەکات و بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداریان نابێت، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان دووپات کردەوە.

