ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئاگادارییه‌ك بۆ خانه‌نشینان

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی هەرێمی كوردستان، هەموو خانەنشینان و میراتگری خانەنشینان لە وردەكاریی فۆڕمێكی تایبەت ئاگادار دەكاتەوە.

بەپێی فۆڕمێك، كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینەوە، لە رێگەی بانكەكان دراوەتە خانەنشینان و كۆپییەكی تایبەت دەست (ئاژانسی هه‌واڵی زاگرۆس) كەوتووە، چەندین زانیاری لە خانەنشین داوا كراوە، لەوانە: ناوی خانەنشین یان میراتگری خانەنشین، لەگەڵ ناوی ئەو بانكەی مووچەی لێ وەردەگرێت، لەگەڵ كۆدی بایۆمەتری، هەروەها چەندین زانیاریی تایبەت بە پێناسەی باری كەسی و كارتی نیشتمانی و شوێنی دانیشتن و كارتی زانیاری لە فۆڕمەكە داوا كراون.

لە فۆڕمەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، ئەو خانەنشینانەی بریكارنامەی تایبەت (وەكالەیان) كردووە بۆ كەسی دووەم، دەبێت لە وەرگرتنی مووچە خۆی ئامادەبێت.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئەو خانەنشینانەی لەدەرەوەی وڵاتن و بریكارنامەیان بۆ كەسی دووەم كردووەتەوە، پێویستە لە رێگەی باڵوێزخانەی عێراق، یان لە رێگەی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بریكارنامەی فەرمی بنێرن، بەو مەرجەی لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەسند بكرێت.

بەرپرسێكی بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “ئەو فۆڕمە پێی دەگوترێت بەڵگەنامەی ئامادەبوونی ساڵانەی خانەنشین لەگەڵ مووچەی مانگی یەك، فۆڕمەكە دابەشی سەر خانەنشینان و میراتگری خانەنشینان كراوە، ئەوەی وەری نەگرتووە، دەبێت سەردانی بانكی خۆی بكات و فۆڕمەكە وەربگرن و دواتر بیگەڕێننەوە.”

ئاماژەی بەوەش دا: “لە مووچەی مانگی دوودا دەبێت خودی خانەنشینەكان، یان میراتگرەكانیان ئامادەی وەرگرتنی مووچە بن و زانیارییەكانیش تەواو و دروست بن.”

دەبێت ئەو فۆڕمە بدرێتەوە بەو بانكەی، كە خانەنشین مووچەكەی لێ وەردەگرێت و كۆپیی ناسنامەی خانەنشین و كارتی زانیاری و كارتی نیشتمانییش لەگەڵ فۆڕمەكە بێت.

لە هەرێمی كورستان، زیاتر لە 247 هەزار خانەنشینی سەربازی و شارستانی مووچە وەردەگرن و ئەو فۆڕمە هەموو ئەو خانەنشینانە دەگرێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە گروپی چەکدار ٧٠جار هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا

سەڵاح

ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی دەستخۆشیی بۆ توێژێک دا

سەڵاح

مەسرور بارزانی گەیشتە سۆران و بەردی بناخەی چەند پڕۆژەیەک دادەنێت

دڵشاد