ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار یەكەمین كۆنفرانسی نەخشەدانانی ئاوەدانی ساز دەكات

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 30/6/2024، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، یەكەمین كۆنفرانسی نەخشەدانانی ئاوەدانی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر دەستیپێكرد.

لە كۆنفرانسەكەدا وەسفی عەزیز، بریكاری وەزارەت و ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار و د. سەرباز نەجیب، ڕاوێژكاری سەرۆكی حكوومەت و جودی سیهاد بارزانی، بەڕێوەبەری بەدواداچوونی پرۆژەكانی هەولێر لە ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەری ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و ڕاوێژكارانی وەزارەت و سەرۆكی زانكۆ و پرۆفیسۆر و مامۆستایانی زانكۆ و ئەندازیاران و ژمارەیەكی تر لە بەڕێوەبەران و نوێنەری فەرمانگە پەیوەندیدارەكان ئامادەی بوون.

یەكەمین كۆنفرانسی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە هەرێمی كوردستان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە ڕێكخراوە و پرۆگرامەكانی بریتین لە ژمارەیەك وتار و پانێڵ و كورتەفیلم و ڕاسپاردە و ئەنجامەكانی لەگەڵ گفتوگۆ و خستنەڕووی چەندین سەرنجی شارەزایان.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو لە وتارەكانیاندا باسیان لە گرنگیی ئەو كۆنفرانسە كرد بەمەبەستی گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی بوارەكانی شارسازی و تیشكیان خستە سەر ڕۆڵی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە جێبەجێكردنی سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەرەپێدانی شار و شارۆچكەكان.

دواتر ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پانێڵێكی بەناونیشانی “سیاسەتی تەلارسازی لە گەشەپێدانی شارەكان و پاراستنی ناسنامە” پێشكەش كرد و تیشكی خستە سەر گرنگیی بواری تەلارسازی لە گەشەپێدانی شارەكان و پاراستنی ناسنامە لە هەرێمی كوردستاندا هەروەها وەڵانی سەرنجی ئامادەبووانی سەبارەت بەو بوارە دایەوە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرەتای وتارەكەیدا ڕایگەیاند: ئەم كۆنفرانسە یەكەمین كۆنفرانسی نەخشەدانانی ئاوەدانییە كە یەكەمجارە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ بایەخدانی زیاتر بە سێكتەرێكی گرنگیی كاری وەزارەت كە نەخشەدانانی ئاوەدانییە ساز كراوە، ساسان عەونی گوتیشی: ئەم كۆنفرانسە لە چوارچێوەی كارنامەی كابینەی نۆیەم و ڕێنوێنی و دیدگای جەنابی سەرۆكوەزیران ڕێزدار مەسرور بارزانی جەخت لەسەر نەخشەدانان و گرنگیدان بە بوارە پلانسازییەكان كراوەتەوە. گوتیشی: ڕاستە ئەو كۆنفرانسە یەكەمین كۆنفرانسە بۆ نەخشەدانانی ئاوەدانی، بەڵام لەسەر پاشخانێكی گەورە و كاركردن و شەونخوونی دوورودرێژی شارەزایانی وەزارەت لە پێنج ساڵی ڕابردوودا لەو بوارەدا بونیاد نراوە.

وەزیری شارەوانی و گەشتەگوزار سەبارەت بە ئامانجەكانی كۆنفرانسەكە ڕایگەیاند: ئامانجمان لەو كۆنفرانسەدا گفتوگۆ و گەڵاڵەكردنی بابەتە پلانسازییەكان و كاریگەری ئەو بابەتانەیە لەسەر پرۆسەی پێشخستن و ڕێكخستنی شار و شارۆچكەكانمان و بایەخدان بە گەشەپێدان و هەوڵدان بۆ گونجان و پیادەكردنی چەمكەكان كە ئەمڕۆ لە جیهاندا پیادە دەكرێت. هەروەها كاركردن بۆ بایەخدان بە كولتوور و ناسنامەی میللی و نیشتمانیمان و تێكەڵكردنی لەگەڵ قوتابخانە باوەكانی كاری تەلارسازی و نەخشەدانان و پاراستنی مۆركی ڕەسەنێتی هێما و نەخش و ئیلمێنتە بەكارهاتووەكانی نەوەكانی پێش ئێمە لە بواری دروستكردنی كۆشك و خانووەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی دیزاینی بیناسازیی پرۆژەكان و جێگیركردنی بنەماكانی سەلامەتی و تەندروستیی گشتی لەڕووی ستاندارد و تایبەتمەندییەكانی ناوچەكەمان.

ساسان عەونی، هەروەها گوتی: مەبەستێكی دیكەمان لە سازكردنی ئەو كۆنفرانسەدا تێكەڵاوی زیاتری دامەزراوەكانی شارەوانییە لەگەڵ زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمییەكانی كوردستان بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموون و شارەزایی مامۆستا و پسپۆڕەكانی زانكۆ لە بوارە جیاوازەكاندا. سەبارەت بە ئەنجامەكانی ئەو كۆنفرانسە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: ئەنجامی گفتوگۆی ئەو بابەتانەی لەم كۆنفرانسەدا پێشكەش دەكرێن و ئەو ڕاسپاردانەی لە ئەنجامی كاركردنی فەرمانگەكانی نەخشەدانان لە وەزارەت، لێرەدا گەڵاڵە دەكرێن و كۆمەڵێك ڕاسپاردە لەم كۆنفرانسەدا دەردەچن كە هەموویان كاریگەرییان لەسەر پێشخستنی ئەم سێكتەرە و ڕۆڵبینینی زیاتری فەرمانگەكان هەیە. گوتیشی: لە داهاتوودا هەوڵ دەدەین خاڵە لاوازەكانی شارەكانمان باشتر دیراسەت بكەین و پلانی چارەسەرییان بۆ دادەڕێژین بۆ كەمكردنەوەی جیاوازیی كۆمەڵایەتی و گەشەی ئابووری و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو هاووڵاتییان.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح

پردی مورتکەی گچکە نۆژەنکرایەوە

یاسین

ئاگادارییه‌ك له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌وه‌ بۆ هاووڵاتییان

سەڵاح