لە كاتی شاند و سەفەر بۆ چەند پارێزگایەك، شایستەی دارایی جۆراوجۆر بۆ فەرمانبەران و هێزەكانی ناوخۆ خەرج دەكرێت و وەزارەتی داراییش بۆ ئەو پرسە رێنوێنییەك دەردەكات.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە تایبەتە بە رێنوێنیی دارایی ژمارە 2 ، لەبارەی خەرجكردنی پارەی شاند و سەفەر، چەند رێكارێك روون كراونەتەوە.
ئاماژە بەوە كراوە، بۆ خەرجكردنی شایستە داراییەكانی فەرمانبەران، تایبەت بە شاند و سەفەر بۆ پارێزگاكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لە سنووری عێراقی فیدراڵ، بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی راژەی شارستانی و سەربازی دەبێت چەند رێكارێك بگیرێتە بەر.
بەپێی رێنوێنییەكە، دەرماڵەی نیشتەجێبوون بەپێی پۆلێنەكان و پلەی فەرمانبەرەكان خەرج دەكرێت، كە لەنێوان 100 بۆ 250 هەزار دیناردایە.
هەروەها دەرماڵەی گیرفان خەرج دەكرێت، كە لەنێوان 25 هەزار دینار بۆ 50 هەزار دینارە، ئەویش بەپێی پلە و پۆلێنی فەرمانبەران خەرج دەكرێت.
وەزارەتی دارایی روونی كردووەتەوە، ئەوانەی بۆ خول، یان بۆ هەر كارێكی دیكە بۆ ماوەیەكی درێژ ئیفاد دەكرێن، ئەگەر 10 رۆژ بێت شایستەكانیان بۆ خەرج دەكرێت، زیاتر لەوە بێت، دەبێت رەزامەندیی وەزارەتی دارایی پێ وەربگیرێت.
جەختیش كراوەتەوە، بۆ شاند و ئیفاد، پێشوەختە فەرمانی وزاری، یان كارگێڕی دەربكرێت و هۆكاری ئیفادەكە و رۆژەكانی روون بكرێتەوە.
لە رێنوێنییەكەدا ئەوەش هاتووە: “ئەگەر فەرمانبەرێك بۆ كارێكی پێویست ئیفاد بكرێت و هەر هەمان رۆژیش بگڕێتەوە، ئەوا تەنیا دەرماڵەی گیرفان و خواردنی بۆ خەرج دەكرێت، لەگەڵ كرێی ئۆتۆمبێل بۆ دوو سەر، بەڵام ئەگەر ئۆتۆمبێلی میری بەكار بێنێت، ئەوا پارەكەی بۆ خەرج ناكرێت، ئەگەر بە فڕۆكەش بێت، ئەوا بەپێی بلیتی فڕۆكەكە بۆ هەردوو سەر پارەی بۆ خەرج دەكرێت.”
ئەوەش روونكراوەتەوە، كە ئەگەر ئەو كەسەی ئیفاد دەكرێت لەگەڵ خۆیدا پێداویستی و شتی میری بگوازێتەوە، ئەوا پارەی گواستنەوەی بۆ خەرج دەكرێت.
ئاماژە بەوەش كراوە، ئەگەر لە شوێنێكیش هۆتێلی تێدا نەبێت، بەپێی پسوولە رێژەی 50%ی دەرماڵەی نیشتەجێبوونیان بۆ خەرح دەكرێت.
وەزارەتەكە روونیشی كردووەتەوە، لە كاتی شاندكردنی فەرمانبەری گرێبەست، كرێی دوو كورسی بۆ چوون و گەڕانەوەی بۆ خەرج دەكرێت.
دووپاتیش كراوەتەوە، فەرمانبەران و كارمەندانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆش شایستەی دارایی شاند و سەفەریان بۆ خەرج دەكرێت.