بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستان، هاووڵاتییان لەبارەی وردەکاریی بەشەئاردی دووەمی ئەمساڵ ئاگادار دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە، ئەمڕ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: “لیستی ناوی هاووڵاتییان بەسەر بریکارەکانی ئارد دابەش كراوە و ئامادەسازیی وەرگرتنی بەشە ئاردی دووەمی ئەمساڵ تەواو بووە.”
ئاماژەی بەوەش دا: “گەنمی بەشەئاردی دووەم خۆماڵییە و هەندێك گەنمی هاوردەی تێكەڵە و گەنمێكی جوانە.”
بەگشتی، هەرێمی كوردستان بۆ بەشەخۆراكی مانگانە، ساڵانە پێویستی بە نزیكەی 650 هەزار تۆن ئارد دەبێ.
نەوزاد شێخ کامیل ئاشكراشی كرد: لە ئەمڕۆوە دەست بە دابەشكردنی بەشەئاردی دووەمی ئەمساڵ دەكرێت، پشکنینی بۆ کراوە و تاقی کرایەوە و نانێکی جوانی لێ دروست بوو.”
بەپێی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی بازرگانی، هەر هاووڵاتییەك بڕی نۆ كیلۆ ئاردی بەر دەكەوێ.
بەرپرسەكەی وەزارەتی بارگانی جەختی كردەوە، کە ئاردێک باش نەبێت دابەش ناکرێت و گوتیشی: “هەموو گەنمی پێشوو ئاردی باشی لێ بەرهەم هاتووە و تاقی کراوەتەوە و نانەکەی جوان بووە.”
شوان بهرزنجی