ڕاوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ڕایدەگەیەنێ قسە و كردارەكانی میلیشیاكانی عێراقی، حكوومەتی عێراقی شەرمەزار كردووە و دەشڵێ پێشبینی دەكەم ئیسرائیل بەم زوانە هێرش بكاتە سەر عێراق.
ئیراهیم سومەیدەعی، ڕاوێژكاری محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی عەهد، ڕایگەیاندووە: لێدوان و ڕێوشوێنەكانی میلشیاكانی عێراق، وڵاتەكەمانی شەرمەزار كردووە، پێشبینییش دەكەم كە بەم زوانە ئیسرائیل گورزی سەربازی لە عێراق بوەشێنێ.
باسی لەوەش كرد، كە ئێستە عێراق وڵاتێكی كراوەیە بۆ هەریەك لە ئێران و ئیسرائیل، پێویستە ڕێ لە هەموو لایەك بگرین كە عێراق بكەنە وڵاتی پەڕینەوەی مووشەك و بەسەردا فڕینی فڕۆكەكانیان.
ڕاوێژەكارەكەی سوودانی، گوتوویشیەتی: عێراق توانای ئەوەی نییە بچێتە شەڕەوە و شەڕ بكا، خۆ ئەگەر باری شەڕیش رابگەیەندرێ، بڕیارێكی عێراقی دەبێ، بەڵام ئێستە وڵاتەكەمان ئامادە نیە لە رووی سیستەمی ڕادار و دژەمووشەكەوە.
ڕوونیشی كردەوە، كە ئیسرائیل لە پرۆسەی ئەم دواییەی دژی ئێران: “تەكنەلۆژیای پێشكەوتووی بەكار هێنا كە لە بەرپەرچدانەوەی ئاسمانیی هێرشەكانی ئێران، ئەوەش واتەی ئەوەیە، ئیسرائیل لە تەكنەلۆژیای سەربازیدا، لەوە زیاتری هەیە كە ئاشكرا و زانراوە.”