ئەمڕۆ شەممە 2024.11.30، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، سەبارەت بەدەستپێکردنى قۆناغى سێیەمى سەرژمێرى گشتیی لە سنوورى پارێزگارى هەولێر، کە بە قۆناغی 77 پرسیارەکە ناسراوە، بە ئامادەبوونى بەرێوەبەر و تیمى بەڕێوەبەرایەتى ئامارى هەولێر، لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانى بۆ کەناڵەکان، وێڕاى دەستخۆشى لە بەڕێوەبەرایەتى ئامار و تێکڕاى تیمەکان و هەموو ئەو کەسانەى کە بوونە بەشێک لە سەرخستنى پڕۆسەکە، سوپاسی هاوڵاتیانی سنوورى پارێزگاى هەولێر کرد، کە بوونه هۆکارى سەرخستن و سەرکەوتنی پڕۆسەکە، و گوتى: “ئێستاش پێویست دەکات لەو قۆناغەشدا ئەو هاوکاربوون و پشتیگیریی و پشتیوانییەى هاوڵاتییان لە تیمەکان بەردەوامى هەبێت”.
هەروەها پارێزگارى هەولێر، سوپاسى وەزارەتى پلاندانى هەرێمى کوردستان و هەماهەنگیان لەگەڵ وەزارەتى پلاندانى عێراق و دەستەى ئامارى گشتیى کرد، کە بەپێى ئەو پلان و میکانیزەمى داڕێژرابوو پڕۆسەکەیان بە سەرکەوتوویى ئەنجامدا.
سەبارەت بەو هاوڵاتییانەشى کە لە سنووری پارێزگاى هەولێر نیشتەجێن و بەهۆی پرۆسەکە گەڕبوونەوە زێدی خۆیان و لەوێ تۆمارکراون، بۆ تەواوکردنى ئەو قۆناغە، پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: “دیمەنى گەڕانەوەى ئەو خۆشەویستانە بە لێشاو بۆ زێدى خۆیان، ماییەى ڕێز و پێزانين و سوپاسە کە پڕبوو لە هەستکردنى نیشتیمانى و نەتەوەیی، لەو قۆناغەشدا پێویست دەکات لە هەرخێزانێک کەسێکیان لەو شوێنەى سەرژمێرى لێکراوە ئامادە بێت”.
گوتیشى: “بۆ ئەم قۆناغەش، كه تاکو 2024.12.10، بەردەوام دەبێت، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، نزیکەى 2800 بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و 10 هەزار توێژەر ڕاهێنانى دروستیان بینیوە و بەشێوەیەکى دروست کارەکانیان وەک قۆناغەکانى ترى پڕۆسەکە بە دروستى ئەنجامدەدەن و وەک کارمەندی بژمێر سەردانى هاوڵاتییان دەکەن”.
جێگەى باسە، ڕۆژی 20ـی 11ى 2024، پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد، تاكوو 22ـی 11ى 2024 بەردەوام بوو، بۆ ئەو مەبەستەش قەدەغەی هاتووچۆ لەسەرجەم ناوچەكانی عێراق و هەرێمى کوردستان ڕاگەیەنرا و لە سنوورى پارێزگاى هەولێر لە هەردوو قۆناغی یەکەم و دووەمى تۆمارکردنی خێزان و ئەندام لە پرۆسەی سەرژمێری گشتیی ڕێژەى تۆمارکردنى هاوڵاتییان ( 100% ) بوو و هەولێرى پایتەخت بوو به پێشنگى سەرجەم پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان.