ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

هەر كەس و فرۆشگایەك سیمكارتی تۆمارنەكراو بفرۆشێت 3 ملیۆن دینار غەرامە دەكرێت

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان جەختی كردەوە كە بۆ لەمەودوا هەر كەس و دوكان و فرۆشگایەك سیمكارتی بێ تۆماركردن بفرۆشێت، بە 3 ملیۆن دینار غەرامە دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە شاری هەولێر، كۆبوونەوەیەكی دیكەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و كۆمپانیاكانی مۆبایل و ئینتەرنێت بەڕێوەچوو.

دوای كۆبوونەوەكە، هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ گوتی: سیمكارت دەكرێت ببێتە كەرەستەی تاوان یاخود ببێتە دەرفەت بۆ دروستكردنی تاوان.

گوتیشی: سمكارت بەشێكە لە ناسنامەی هەر كەسێك، بۆیە هۆشداری دەدەینە هاووڵاتییان نە سیمكارتی تۆمارنەكراو بكڕێت، نە سیمكارتی خۆشی بفرۆشێت.

راشیگەیاند: ئەو دوكان و فرۆشگایانەی سیمكارت دەفرۆشن، ئەگەر بریكار یاخود رێگەپێدراوی فەرمی نەبن دەبێت واز لەم كارە بهێنن، چونكە بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ هەر كەسێك سیمكارتی تۆمار نەكراو بفرۆشێ 3 ملیۆن دینار پێ بژاردن دەكرێت.

هێمن میرانی هەروەها رایگەیاند: لە رۆژانی داهاتوو لیژنەكانی وەزارەتی ناوخۆ دەچنە دوكان و فرۆشگاكان و ئەو رێنماییە نوێیانەیان پێ دەدەن بۆ ئەوەی ئاگاداربن، دوای ئەم سەردانەش رێكارەكان توندتر دەكرێن.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ جەختیشی كردەوە كە هەموو ئەم رێكارانە سەبارەت بە سیمكارت، بۆ نەهێشتنی هەڕەشەكردن و ئەنجامدانی تاوانە بە هێلەكانی تەلەفۆن و ئینتەرنێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

چەند حاڵەتێکی تای خوێن بەربوون لە کەرکوک تۆمار دەکرێن

یاسین

سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبوویەوە

یاسین

پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ ساڵیادی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم و هاوڕێكانی

دڵشاد