ئەو كۆمپانیایەی كە ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی دیسێمبەری 2024 فڕۆكەیەكی لە نزیك شاری ئاكتاو لە كازاخستان لێ كەوتە خوارەوە، هۆكارەكەی ئاشكرا كرد.
بەپێی هەواڵێكی كەناڵی (سكای نیوز) كە پشتی بە راپۆرتی كۆمپانیای فڕۆكەوانیی ئازەربایجان (ئازال) بەستووە، ئەوەی ئاشكرا كردووە كە هۆكاری تێكشكانی فڕۆكەكەیان لە كازاخستان، بۆ باڵندە دەگەڕێتەوە.
ئەوەشی ڕوون كردۆتەوە كە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، پۆلێك باڵندە بە ئاراستەی پێچەوانەی فڕۆكەكە تێپەڕ بوون و خۆیان بە فڕۆكەكەدا كێشاوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە كۆمپانیای (ئازال) پێشتر لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (X) رای گەیاندبوو، فڕۆكەیەكیان لە جۆری (ئیمپرایەر 190) كە لە باكوی ئازەربایجانەوە بۆ گروزنیی لە چیچان بە ڕێگەوە بوو، بە ناچاری لە سێ كیلۆمەتری نزیك شاری ئاكتاو لە كازاخستن ویستوویەتی بنیشێتەوە.
هەمان كەناڵ بڵاوی كردۆتەوە كە سەرجەمی سەرنشینانی فڕۆكەكە 67 كەس بووە، 62 كەسیان گەشتیار بوون و پێنج كەسیش لە تیمی فڕۆكەكە بوون، باسیشی لەوە كردووە كە 25 كەسیان ڕزگار بوون و بۆ نەخۆشخانە گوازتراوەتەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە میدیاكان پێشتر ئەوەیان راگەیاندبوو كە بەهۆی تەمومژەوە فڕۆكەكە كەوتۆتە خوارەوە و زانیاریی جیاوازیش لەبارەی ژمارەی سەرنشینانی فڕۆكەكە و ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەست داوە، خراوەتە ڕوو.