ئهمڕۆ چوارشهممه 19/2/2025 مەسرور بارزانى سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازیی له باڵوێز دانيال ڕوبنستين كاربهڕێكهرى باڵوێزخانەی ئهمريكا له عێراق کرد.
له كۆبوونهوهکەدا کە ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، پتەوکردنی زیاتری پهيوهندييهكانى ههرێمى كوردستان و ئەمریکا، پرۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ، ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ههولێر ـ بهغدا و ڕێزگرتن لە مافە دەستووریی و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
هەروەها بیروڕا لەبارەی هەوڵ و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا کە ئێستا گفتوگۆکان بە شێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەدەچێت و پێشکەوتنی باش بەدەستهاتووە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پێکهێنانی کابینەی دەیەم لە زووترین کاتدا، بۆ ئەوەی درێژە بە کارنامە چاکسازییەکەی بدات و بە بێ جیاوازی، خزمەتی سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
دۆخی گشتیی ناوچە و بە تایبەتی پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی سووریا ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.