محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئهمڕۆ (سێشەممە 29ى نیسانی 2025) هۆشداری دا سەبارەت بە هەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی و ڕایدهگهیهنێت، «دەبێتە بهرمیلێك بارووت کە هەموو ناوچەکە دەتەقێنێتەوە».
بەپێی ههواڵێكی ئاژانسی هەواڵی (مێهر)ى ئێرانى، محهمهد باقر قالیباف لە میانی دانیشتنی پەرلەمانی ئێران لە کاردانەوە بە هەڕەشەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ لێدانی شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران، گوتی: «ئێمە ئەم هەڵوێستانە بە تەنیا قسە و باسێک دەزانین کە ئامانج لێی کاریگەرییه لهسهر دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا و بە جددی وەریان ناگرین».
ئاماژەی بەوەش کرد، « تاران هیچ گومانی نییە لهوهى کە ئیسرائیل، «بەبێ مۆڵەتی ئەمریکا هیچ سهركێشی و گەمژەیییەک ئەنجام نادات».
قالیباف لە درێژەی قسەکانیدا، گوتیشی: «هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتەکەمان دەبێتە هۆی تهقینهوهى بهرمیلێك بارووت کە هەموو ناوچەکە دەتەقێنێتەوە و هەموو بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ڕووبهڕووی تۆڵەسەندنەوەی ئێران دەبنەوە».
بێنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە 27ی 4ی 2025 ڕایگەیاند، “ئیسرائیل لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییەوە سەرکەوتوو بووە لە گۆڕینی ڕووخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، جهختیشی كردهوه، ئێران “مەترسیی وجوودی بۆ ئیسرائیل دروست دەکات و مەترسی لەسەر ئاییندەی هەموو مرۆڤایەتییش دروست دەکات.”
نەتەنیاهۆ ئیرادەی حکوومەتەکەی دووپات کردەوە بۆ بەردەوامبوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شتەی کە بە “هەڕەشەی ئێران” وەسفی کرد، تەنانەت ئەگەر ئیسرائیل ناچار بێت بە تەنیا مامەڵە بکات و دەشڵێت: “ئەگەر پێویست بێت بە تەنیا دژی ئێران بوەستین، ئەوا ئەو کارە دەکەین، بەڵام لە سەركەوتن، پاشەکشە ناکەین.”
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا هەڕەشەی ئێران ته نیا بە ئیسرائیلەوە سنووردار نییه، به ڵکوو هەڕەشەكە بۆ سەر تەواوی مرۆڤایەتییە.
ئەم گوتانەی ناوبراو لە كاتێكدایە كە دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا لەبارەی چارەسەری پرسی ئەتۆمیی ئێران بەڕێوە دەچێت و دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندووە: لە لێدانی ئێران پەلە ناكەین.
سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە: بەهیچ شێوەیەك ناهێڵین ئێران چەكی ئەتۆمیی هەبێ.

