zagros news agency

رووسیا: ده‌یان کەس لە هێرشێکدا لە مۆسکۆ کوژران

 

ئاساییشی فیدڕالیی رووسیا رایگەیاند، لە هێرشێکدا بۆ سەر هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە، لانیکەم 40 کەس کوژراون و 100ی دیکەش برینداربوون، رووسیاش هەڕەشەی کرد کە ئەگەر هێرشەکە پەیوەندیی بە ئۆکرایناوە هەبێت، ئەوا رووسیا کیێڤ لەنێودەبات.

میدیای رووسیا لە زاری سەرۆکشارەوانیی مۆسکۆ بڵاویکردەوە، چەند چەکدارێک بە جلی سەربازییەوە هێرشیان کردووەتە سەر هۆڵێکە و ژمارەیەک کەسیان کوشتووە و ژمارەیەکی دیکەشیان بریندارکردووە، پاشان ئاگرێکی گەورە لە هۆڵەکەدا کەوتووەتەوە.

میدیاکە باس لەوە دەکات، چەکدارەکان کە ژمارەیان چوار کەس بووە، چوونەتە نێو هۆڵەکە، سەرەتا تەقەیان کردووە و دواتر نارنجۆکیان فڕێداوە. بە گوێرەی میدیاکە، یەکێک لەو چەکدارانە دەستگیرکراوە.

رووداوەکە لە هۆڵێ کرۆکۆس سیتی بووە لە باکووری مۆسکۆ کە شوێنی چەند هەزار کەسێکی تێدا دەبێتەوە و بۆ کۆنسێرتی هونەرمەندە بەناوبانگە جیهانییەکان بەکاردەهێنرێت.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هێرشەکەی بە “هێرشێکی تیرۆرستیی خوێناوی” ناوبرد. هەروەها لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا، کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە تاوانە گەورەکان، باسی لەوە کرد، لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە.

هاوکات دیمیتری مێدڤیدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاساییشی رووسیا هەڕەشەی کرد کە ئەگەر هێرشەکە پەیوەندیی بە ئۆکرایناوە هەبێت، ئەوا رووسیا کیێڤ لەنێودەبات.

هەواڵی پەیوەندیدار

بە فەرمان و ڕەزامەندیی مەسرور بارزانى، (100) ڕێگەپێدانى دیكەی دروستکردنى خانوو لە سەر زەوی سندووقی ڕادەستى خاوەنەکانیان کرا

سەڵاح

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق دەکات

سەڵاح

فەرماندەیی گشتیی سوپای سوودان لە هەوڵێکی تیرۆرکردن ڕزگاری بوو

سەڵاح