zagros news agency

ئێران هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمی هەڵپەسارد و کاردانەوەی نێودەوڵەتیی لێ کەوتەوە

هەفتەیەک دوای پەسندکردنی پڕۆژەیاسای هەڵپەساردنی هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە پەرلەمانی ئێران، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، یاساکەی واژۆ کرد و بۆ جێبەجێکردن ڕەوانەی وەزارەتی دەرەوە، ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی و ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانی کرد.
بەپێی یاسا نوێیەکە، ئێران سەرجەم هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ڕادەگرێت و ڕێگە بە گەڕانەوەی پشکنەرانی ئەو ئاژانسە نادات. ئەم هەنگاوە نیگەرانی و کاردانەوەی توندی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بەتایبەتی ئەورووپایی لێ کەوتووەتەوە.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەڕەنسا، لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا، باسیان لەم پرسە کردووە. گوتەبێژی حکوومەتی فەڕەنسایی دەڵێت، ماکرۆن گەشبینە بە هەڵوێستی پووتین کە بە شێوەیەکی کاریگەر دژایەتیی کشانەوەی ئێران لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی دەکات. لە لایەکی دیکەوە، کۆشکی کرملین ڕایگەیاندووە پووتین جەختی لە مافی یاساییی ئێران بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئاشتیخوازانە کردووەتەوە.
حکوومەتی چینیش کە هاوپەیمانی سەرەکیی ئێرانە، پشتیوانیی لە بڕیارەکە نەکردووە. ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، هیوای خواست هەموو لایەنەکان هەنگاو بەرەو لێک نزیکبوونەوە بنێن و کێشەکە بگەڕێننەوە سەر ڕێڕەوی چارەسەری سیاسی.
هاوکات، مارتن گیزە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمانیا، بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند: “ئەم بڕیارە پەیامێکی کارەساتبار بۆ جیهان دەنێرێت.” ناوبراو جەختی کردەوە پێویستە ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەکی دیپلۆماتیک، هاوکاریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى تاران ده‌كات

سەڵاح

وەزارەتی پەروەردە وادەی دەستپێکردنی دیاری کرد

سەڵاح

واشنتن تارانی ئاگادار کردووەتەوە بەنیازی گۆڕینی حکوومەتی ئەو وڵاتە نییە

سەڵاح