باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، بە توندی دژی حزبوڵای عێراق هاتە دەنگ و داوای بەسزاگەیاندنی فەرماندەكانی میلیشیاكە دەكات.
باڵوێزخانەی ئەمریكا لە راگەیاندراوێكدا كە لە تۆڕی (X) بڵاوی كردووەتەوە، رای گەیاندووە: ”سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانییان دەكەین، ئەوانەی لەسەر دەستی كەتائیبی حزبوڵا كوژران كە ئەویش لە لایەن ئەمریكاوە بە ڕێكخراوێكی تیرۆریستی دانراوە و لەنێو هێزەكانی حەشدی شەعبییە.“
ڕوونیشی كردەوە كە ئەو میلیشیایە رۆژی 27ی تەمووزی 2025 لە فەرمانگەیەكی وەزارەتی كشتوكاڵ لە بەغدا ئەو تاوانەیان ئەنجام داوە.
جەختیشی كردووەتەوە: ”خەمبارین بە لەدەستدانی رۆحەكان كە كارمەندێكی پۆلیسی فیدرالی و كەسێكی سڤیلی بێتاوان بوون، هیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازین.“
هەروەك داوای لە حكوومەتی فیدرالیی عێراق كردووە، ڕێوشوێن بگرێتە بەر تاوەكوو ”ئەو تاوانبارانە و سەركردەكانیان“ بەبێ دواكەوتن رادەستی دادگا بكرێن. دەشڵێت: ”بابەتەكە سەرەكییە بۆ پاراستنی سەروەریی یاسا و رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی كردەوەكانی توندوتیژی.“
ئەمە لە كاتێكدایە كە دوێنێ لەسەر گۆڕینی بەڕێوەبەرێكی كشتوكاڵ، میلیشیای حزبوڵای عێراق شەڕێكی گەورەی لە بەغدا نایەوە و چەندان كارمەندی پۆلیس و كەسی سڤیلی كوشت و بریندار كرد.

