zagros news agency

ئێران؛ قەیرانی وزە و ئاو فەرمانگەکانی چەندین پارێزگای داخست

 

بەهۆی بەردەوامیی قەیرانی وزە و کەمبوونەوەی یەدەگی ئاوی بەنداوەکان لە ئێران، ئەم هەفتەیەش هاوشێوەی هەفتەکانی ڕابردوو، فەرمانگە حکوومییەکان لە چەندین پارێزگا دادەخرێن. پچڕانی بەردەوامی کارەبا و بڕینی ئاو لە ناوچە جیاوازەکان، وای کردووە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە لە چەندین پارێزگا بکرێنە پشووی فەرمی.

بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان، بانکەکان، فەرمانگەکان و ناوەندە پەروەردەییەکان لە پارێزگاکانی ئەردەبێڵ و گوڵستان ڕۆژی سێشەممە دادەخرێن و هەمان ڕێکار ڕۆژی چوارشەممە لە پارێزگای ئیسفەهانیش جێبەجێ دەکرێت. هاوکات، فەرمانگە حکوومییەکانی پارێزگاکانی تەورێز، ورمێ، خووزستان و یەزد بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، سێشەممە و چوارشەممە، دادەخرێن.

 

بڕیاری ناکۆک و نیگەرانی لە خراپ بەڕێوەبردن

هۆکاری سەرەکیی ئەم بڕیارانە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و هەوڵدانە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەکارهێنانی ئاو و کارەبا. شرۆڤەکاران و تەنانەت سەرۆککۆماری ئێرانیش، هۆکاری ئەم قەیرانە بۆ شێوازی هەڵەی بەڕێوەبردن و پەرەنەپێدانی ژێرخانەکان لە ساڵانی ڕابردوودا دەگەڕێننەوە.

جگە لە قەیرانی وزە، داتاکان دەریدەخەن کە هەوای شارەکانی دزفول و مەسجد سولەیمان لە پارێزگای خووزستان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و هەوای ١٢ شاری دیکەی پارێزگاکەش بە “زۆر پیس” و “ناتەندروست” ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژنامەی “دنیای اقتصاد”ی ئێرانی ڕەخنەی لەم دۆخە گرتووە و نووسیویەتی، نیگەرانییەکی جددی لە بەردەوامیی قەیرانی وزە، بێپلانی و دەرکردنی بڕیاری ناکۆک لە ئارادایە. ڕۆژنامەکە نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لەوەی لە هەفتەکانی داهاتوودا هەر پارێزگایەک بڕیاری خۆی بدات و بڕیارێکی نیشتمانیی یەکگرتوو بۆ چارەسەری کێشەکە نەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان گەیشتە دارایی عێراق

یاسین

عومرەکارێکی کورد لە مەدینە کۆچی دوایی کرد

یاسین

تۆمارکردنی هاوسەرانی نوێ لە پسوولەی خۆراک دەستپێدەکات

گوران