zagros news agency

واشنتن، پاریس و لەندەن: ڕێگری لە ئێران دەکەین بگاتە چەکی ئەتۆمی

 

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە لە پەیوەندیی تەلەفۆنیی جیادا لەگەڵ دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و ژان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، سەبارەت بە ئێران گفتوگۆیان کرد و هەرسێ لا لەسەر ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی هاوڕا بوون.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا جەختیان لەسەر پابەندبوونی خۆیان کردووەتەوە بۆ ڕێگریکردن لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت یان دروستی بکات. ئەم جووڵە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکان سەبارەت بە کاراکردنی “میکانیزمی داچەقاندن” (Snapback)، کە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران دەگەڕێنێتەوە، چڕتر بوونەتەوە.

لە پەیوەندییەکاندا هەروەها باس لە ڕەوشی مرۆیی لە غەززە، هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و گەڕاندنەوەی بارمتەکان، شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا و ململانێکانی سوودان کراوە.

 

هەڵوێستی پێشووی ئیسرائیل

پێشتر ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو ئەگەر ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەست پێ بکاتەوە، ڕووبەڕووی وەڵامی سەربازیی ئەو وڵاتە دەبێتەوە. بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دوای شەڕێکی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئێران، گوتی ئیسرائیل “سەروەرییەکی مێژوویی” بەدەست هێناوە و دوو هەڕەشەی سەرەکیی لەناوبردووە: یەکەمیان، هەڕەشەی چەکی ئەتۆمی و دووەمیان، هەڕەشەی ٢٠ هەزار مووشەکی بالیستیکی کە ئێران خەریکی بەرهەمهێنانیان بوو.

نەتانیاهۆ گوتیشی: “بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانمان ناردە زبڵدانەوە. ئەگەر کەسێک لە ئێران بیەوێت ئەم بەرنامەیە زیندوو بکاتەوە، بە هەمان هێز و سووربوونەوە ڕووبەڕووی دەبینەوە و ڕایدەگرین.”

بەرپرسانی ئیسرائیل جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بەنیاز نین “سەروەریی ئاسمانی”ی خۆیان لە ئاسمانی ئێراندا لەدەست بدەن. لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، بەرگریی ئاسمانیی ئێران لە بەرانبەر هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا تا ڕادەیەکی زۆر بێکاریگەر بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار

دەستەی دەستپاکی: 267 دۆسیەی گەندەڵی ڕەوانەی دادگا کراون

سەڵاح

لیژنەی وەزاریی چارەسەرکردنی پرسەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کۆبۆوه

یاسین

مالیکی مەرجەکانی کشانەوەی زیاتر دەکات

یاسین