ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران لە ڕێگەی پشتیوانیکردنی حوسییەکان و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی دەریایی دروست دەکات.
دۆرۆسی شیا، نوێنەری کاتیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە میانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشدا گوتی، تاران بە پێشێلکردنی گەمارۆی چەک، مووشەک و تەقەمەنی و کەرەستەی دروستکردنیان دەداتە حوسییەکان.
ناوبراو ئاماژەی بە هێرشەکانی ئەم دواییەی حوسییەکان بۆ سەر دوو کەشتیی بازرگانی لە دەریای سوور کرد کە بووە هۆی نوقمبوونیان و کوژران و برینداربوونی دەریاوانەکان، هاوکات داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئەو کەشتی و تاقمانەی کرد کە دەستبەسەر کراون.
شیا هەروەها کاریگەریی چین لەسەر ناوچەی کەناڵی پەنەما و “کردەوە دوژمنکارانەکانی” ئەو وڵاتەی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، بە هەڕەشەیەکی دیکە بۆ سەر بازرگانی و ئاسایشی جیهان لە قەڵەم دا.

