ماڵپەڕی نوورنیوز، کە نزیکە لە عەلی شەمعخانی، سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەواڵی ڕەوانەکردنی “فڕۆکە سووتەمەنیگوزەرەکان و جەنگییە ئەمریکاییەکان”ی بۆ کەنداو بڵاو کردەوە و یەکێک لە ئامانجەکانی بە ناردنی “پەیامی سیاسی” و ئەگەری هێرشی سەربازیی دووبارە بۆ سەر تاران ناو برد.
لەم ڕۆژانەی دواییدا، ڕاپۆرتگەلێک بڵاو کرابوونەوە سەبارەت بە جووڵەی زیاتر لە ١٠ فڕۆکەی سووتەمەنیگوزەری جۆری “کیسی-١٣٥”ی هێزی ئاسمانیی ئەمریکایی بەرەو بنکەی ئاسمانیی ئەو وڵاتە لە بریتانیا و پاشان گۆڕینی ڕێڕەوی ژمارەیەک لەو فڕۆکانە بەرەو بنکەی “ئەلعدید”ی قەتەر.
نوورنیوز نووسیویەتی، ڕەوانەکردنی فڕۆکە سووتەمەنیگوزەرە ئەمریکاییەکان بۆ کەنداو، ئەو “پەیامە سیاسییە”ی بۆ ئێران پێیە کە “بژاردەی سەربازی هێشتا لەسەر مێزە.”
لەگەڵ ئەوەشدا، هەواڵنێری مێهر، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە کاردانەوەی ڕەوانەکردنی ئەم فڕۆکە سووتەمەنیگوزەرانە بۆ ناوچەکە، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئەگەری هێرشی دووبارە بۆ سەر ئێرانی ڕەت کردەوە و نووسیویەتی، ئەو گومانلێکردنانە “تەنیا هەنگاوی ڕاگەیاندنین.”
ئەو سەرچاوە ئاگارە، هۆکاری گواستنەوەی ئەو فڕۆکە سووتەمەنیگوزەرانەی بە “فشار خستنە سەر ڕووسیا” ناو برد و گوتی: “جێگەی نیگەرانی نییە.”

