zagros news agency

ناڕەزایەتییەکان لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەل لە سووریا بەردەوامن

دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەل لە سووریا، ناڕەزایەتی و بۆچوونی جیاواز لەنێو پێکهاتەکانی سووریا سەری هەڵداوە، کە پێیان وایە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لەم کاتەدا هەڵەیە.
هاوکات لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەل لە سووریا، بۆچوونی جیاواز سەری هەڵداون؛ هەندێک لایەن پشتیوانیی ئەم هەنگاوە دەکەن، بەڵام لایەنێکی دیکە دەڵێت پێویستە سەرەتا حکوومەتێک لە هەموو پێکهاتەکانی سووریا پێکبهێنرێت و پاشان هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
حەسەن مەهدی، هاووڵاتییەکی سووریایی، گوتی: “ئێمە نە لە دژی ئەوەین و نە لەگەڵیداین. بە بۆچوونی من، پێویستە هەڵبژاردن دوابخرێت تاوەکوو حکوومەتێکی نیشتمانیی هاوبەش دروست دەکرێت، پاشان هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.”
درووزییەکانی سووریاش بوونەتە دوو بەش؛ بەشێک دژایەتیی هەڵبژاردنەکان دەکەن و بەشداریی تێیدا بە خیانەت دەبینن، بەڵام لایەنێکی دیکە پێی وایە پێویستە هەموو پێکهاتەکانی سووریا بەشداریی لە ئاواکردنی وڵاتدا بکەن.
ئەدهەم قاق، بەربژێرێکی درووزیایی، گوتی: “سویدا بووەتە دوو بەش. هاوڕێیانمان هەن پشتیوانیی ئاواکردنی وڵات و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دەکەن. لایەنەکەی دیکە کە بریندار بوون بە هۆی دۆخی سویداوە، پێیان وایە بەشداریی ئێمە لە هەڵبژاردنەکاندا خیانەتە لەوان. بەڵام ئێمە پێمان وایە بەشداریی ئێمە لە ئاواکردنی وڵاتدا پێویستە.”
لە لایەن خۆیانەوە، کریستیانەکانی سووریاش پێیان وایە بەشدارییکردن لەم هەڵبژاردنانەدا بێسوودە، چونکە ئەم هەڵبژاردنانە نوێنەرایەتیی هەموو گەلی سووریا ناکات.
مەروان زغەیب، بەربژێرێکی کریستیانی، گوتی: “دۆخی نائاسایی لە سووریا و نائارامیی سیاسی و ئەمنیی، وای کردووە کە هەندێک کەس پێیان وا بێت ئەم حکوومەتە نوێنەرایەتیی هەموو گەلی سووریا ناکات و بەشدارییکردن تێیدا بێسوودە.”
پێکهاتەکانی سووریا پێیان وایە کە ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنانە پرۆسەیەکی دیموکراتیی نییە، چونکە تەنیا دەستەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنەکان دەتوانن دەنگ بدەن، واتە هاووڵاتییانی سووریایی مافی دەنگدانیان نییە. هەروەها لە پارێزگاکانی سویدا و ڕەققە و حەسەکەش هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت، ئەمەش متمانەی خەڵکی پێ کەم کردووەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئێران و سێ وڵاتی ئەورووپایی بۆ تاوتوێکردنی شەڕی ئیسرائیل لە ژنێڤ کۆدەبنەوە

سەڵاح

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح

سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ڕێگرییان لە سەرژمێریی كوردانی گوندێكی كوردنشین كرد

یاسین