کۆمپانیاکانی مۆدێرنا و ئێم ئێس دی (MSD) ڕۆژی پێنجشەممە [٢٢ی ئۆکتۆبەر] ڕایان گەیاند، تاقیکردنەوەیەکی کلینیکیی گەورە نیشانی داوە تێکەڵکردنی ڤاکسینی شێرپەنجەی مۆدێرنا کە لەسەر ئاڕ ئێن ئەی پەیامبەر (mRNA) دامەزراوە، لەگەڵ دەرمانی چارەسەریی بەرگریی کۆمپانیای ئێم ئێس دی، مەترسیی مردن یان گەڕانەوەی شێرپەنجەی مێلانۆمای بە ڕێژەی ٤٢% کەم کردووەتەوە. ئەم دەستکەوتە دەتوانێت دەستپێکی سەردەمێکی نوێ بێت لە چارەسەریی تایبەتمەندکراوی شێرپەنجەدا.
[ڕوونکردنەوە: مێلانۆما (Melanoma) مەترسیدارترین جۆری شێرپەنجەی پێستە کە لە خانەکانی بەرهەمهێنەری ڕەنگینە ناسراو بە مێلانۆسایتەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم نەخۆشییە دەتوانێت لە جەستەدا بڵاو ببێتەوە و بۆ ئەندامەکانی دیکە بگوێزرێتەوە.]
بەهای پشکەکانی مۆدێرنا ڕۆژی پێنجشەممە، دوای بڵاوبوونەوەی دەرەنجامەکانی ئەم تاقیکردنەوەیە لە ماڵپەڕێکی تایبەتمەندی شێرپەنجەناسی، لە کۆتایی مامەڵەکاندا زیاتر لە ١٧% دابەزی. ئەمە لە کاتێکدایە بەهای پشکەکانی ئەم کۆمپانیایە لە مانگی ئابەوە، کاتێک سەرکەوتنی ئەم تاقیکردنەوەیە بۆ یەکەم جار بەبێ بڵاوکردنەوەی داتاکانی بە تەواوی ڕاگەیەندرا، تا کۆتایی مامەڵەکانی ڕۆژی چوارشەممە نزیکەی چوار ئەوەندە زیاد ببوو. بەهای پشکەکانی کۆمپانیای ئێم ئێس دی-ش نزیکەی ١.٨% کەم بووەوە.
ئەم تاقیکردنەوە کلینیکییە قۆناغی سێیەمە، کە چاودێریی باری زیاتر لە هەزار و ١٠٠ نەخۆشی دەکرد، هەروەها نیشانی دا چارەسەریی تێکەڵاو مەترسیی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەی بە ڕێژەی ٣٨% کەم کردووەتەوە.
ئەم دۆزینەوانە بە یەکەمین داتاکان دادەنرێن نیشان دەدەن تێکەڵکردنی ڤاکسینێکی تایبەت، کە لەسەر بنەمای گۆڕانکارییە ناوازەکانی گرێی شێرپەنجەی هەر نەخۆشێک دروست کراوە، لەگەڵ دەرمانێک کە سیستمی بەرگری بەهێز دەکات، دەتوانێت بە سەرکەوتوویی پێشکەوتنی نەخۆشییەکە ڕابگرێت. ئەم ڤاکسینە لەگەڵ کیترودا (Keytruda)، یەکێک لە پڕفرۆشترین دەرمانەکانی جیهان کە هی کۆمپانیای ئێم ئێس دی-یە، تاقیکرایەوە.
کیترودا بەم شێوەیە کار دەکات کە بەربەستێکی سروشتی، کە خانە شێرپەنجەییەکان بۆ خۆشاردنەوە لە هێرشی سیستمی بەرگری پشتی پێ دەبەستن، لادەبات. لە هەمان کاتدا، ڤاکسینەکە فەرمان بە خانە نەخۆشەکان دەکات کۆپیی گۆڕانکارییە دیاریکراوەکان بەرهەم بهێنن بۆ ئەوەی سیستمی بەرگری بتوانێت بیانناسێتەوە و لەناویان ببات.
ستێفان بانسێل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مۆدێرنا، ڕای گەیاند ئەم دۆزینەوانە بەڵێندەری دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە چارەسەریی شێرپەنجەدا دادەنرێن.
بانسێل لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی: “بەو توانایەی بۆ بەرهەمهێنانی خانە تییە نوێیەکان (T) کە تایبەتن بە گرێی شێرپەنجەیی تۆ… کاریگەریی کلینیکی زۆر سەرنجڕاکێشە و وەک لە تاقیکردنەوەی قۆناغی دووەمدا بینیمان، زۆر درێژخایەنە.”
بانسێل ئاماژەی بەوە دا ئەم دوو کۆمپانیایە لە قۆناغی ئامادەکردنی بەڵگەنامەکانن بۆ داواکردنی پەسەندکردن لە دەزگا چاودێرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و چاوەڕێ دەکەن ڤاکسینی تایبەتمەندکراوی شێرپەنجە لە ساڵی ٢٠٢٧دا بخەنە بازاڕەوە.
بڕیارە دەرەنجامەکانی ئەم تاقیکردنەوەیە، کە باری نەخۆشەکانی لە دوو ساڵی یەکەمی دوای چارەسەرکردن هەڵسەنگاندووە، ڕۆژی شەممە لە کۆنفرانسی کۆمەڵەی پزیشکیی شێرپەنجەناسیی ئەورووپی لە مەدرید پێشکەش بکرێت.
لە نێو ئەو نەخۆشانەی کە ڤاکسینەکەیان لەگەڵ کیترودادا وەرگرت، ٨٢.٢%یان دوای دوو ساڵ هێشتا بێ شێرپەنجە بوون. ئەم ژمارەیە لە نێو ئەو نەخۆشانەی کە تەنها کیترودایان وەرگرتبوو، ٧٠% بوو.
دکتۆر حوسێن تووبی، پسپۆڕی مێلانۆما و یەکێک لە توێژەرانی ئەم تاقیکردنەوەیە لە سەنتەری شێرپەنجەی “ئێم دی ئەندەرسۆن”ی زانکۆی تێکساس، گوتی: “ئەم دەرەنجامە لە ڕووی ئامارییەوە زۆر واتادارە. هەڕەمەکی نییە.”
پێش بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوەیە، چەند شیکەرەوەیەکی واڵ ستریت ئاماژەیان بەوە دابوو وەبەرهێنەران چاوەڕێیان دەکرد ئەم چارەسەرییە تێکەڵاوە مەترسیی گەڕانەوەی شێرپەنجە بە ڕێژەی ٤٠% یان زیاتر کەم بکاتەوە.
مایڵز مینتەر، شیکەرەوە لە دامەزراوەی ویلیام بلێر (William Blair)، لە یاداشتێکی شیکارییدا نووسی: “پێ دەچێت لێرەدا شایەتی کاردانەوەی فرۆشتن بین دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە.” ئەو ئاماژەی بەوە دا بەهای پشکەکانی مۆدێرنا تەنانەت سەرەڕای دابەزینی ڕۆژی پێنجشەممە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هێشتا ٥٢٥% بەرز بووەتەوە.
مینتەر زیادی کرد: “بە بڕوای ئێمە، ئەم داتایانە زۆر نایابن، بەڵام وەبەرهێنەران هێشتا سەبارەت بە بەهای ڕاستەقینەی کۆمپانیاکە لەسەر بنەمای فاکتەرە بنچینەییەکان گفتوگۆ دەکەن.”
لەم تاقیکردنەوەیەدا، بەکارهێنانی ٩ ژەم لە ڤاکسینێک بە ناوی “ئینتیسمێران” (intismeran) بە تێکەڵکردن لەگەڵ کیترودا تاوتوێ کرا. بەکارهێنانی ئەم چارەسەرییە لە ١٣ هەفتە دوای نەشتەرگەریی لابردنی زیانەکانی مێلانۆما دەستی پێ کرد و وەڵامی نەخۆشەکان بۆی لەگەڵ وەڵامی ئەو نەخۆشانەدا بەراورد کرا کە چارەسەریی ئاسایی تاکدەرمانییان بە کیترودا وەرگرتبوو.

