zagros news agency

ئۆکراینا و فەڕەنسا ڕێککەوتنێکی ‘مێژوویی’ی چەک واژۆ دەکەن

 

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، لە کۆبوونەوەیەکیاندا لە پاریس، ڕێککەوتنێکی “مێژوویی”ی چەکیان واژۆ کرد. ئەم ڕێککەوتنە نامەیەکی نیازپاکیی کڕینی ١٠٠ فڕۆکەی جەنگیی ڕافاڵ، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، و چەندین جۆری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەخۆ گرتووە، بە ئامانجی بەهێزکردنی توانای شەڕکەریی و بەرگریی ئۆکراینا لە دژی هێرشەکانی ڕووسیا.
ڕۆژی دووشەممە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە سەردانەکەیدا بۆ فەڕەنسا و لە دیداری لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، ڕایگەیاند ڕێککەوتنێکی چەکیی “مێژوویی” واژۆ کراوە. بەپێی بەیاننامەیەکی کۆشکی ئێلیزێ، ئەم ڕێککەوتنە کە لە بنکەی ئاسمانیی ڤیلاکۆبلێ لە نزیک پاریس ڕاگەیەندرا، نامەیەکی نیازپاکیی کڕینی ١٠٠ فڕۆکەی جەنگیی ڕافاڵ لە داهاتوودا، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو و چەندین جۆری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەخۆ دەگرێت.
پێش واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، بەرپرسانی بەرگریی فەڕەنسا جۆرەها چەکی داواکراوی کیێڤیان – لەوانە فڕۆکەی جەنگیی ڕافاڵ، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی نەوەی نوێی SAMP/T و چەند مۆدێلێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان – بە زێلێنسکی ناساند. کۆشکی ئێلیزێ ڕایگەیاند ئامانج لەم هەنگاوە “بەکارهێنانی توانای نایابی پیشەسازیی بەرگریی فەڕەنسا بۆ بەهێزکردنی هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا و پاراستنی ئاسمانی ئەم وڵاتە لە دژی دەستدرێژیی ڕووسیا”یە.
زێلێنسکی ڕۆژێک پێش ئەم دیدارە، لە پەیامێکدا لە تۆڕی “ئێکس” باسی “ڕێککەوتنێکی مێژوویی”ی کردبوو کە بە گوتەی ئەو دەتوانێت “بە شێوەیەکی بەرچاو” توانای شەڕکەریی و بەرگریی ئۆکراینا زیاد بکات. ئۆکراینا لە بەردەم وەرزی زستاندا، لە ژێر فشاری هێرشە قورسەکانی ڕووسیادایە. بە گوتەی بەرپرسانی ناوخۆیی، دوایین شەپۆلی ئەم هێرشانە لە پارێزگای خارکیێڤ لانیکەم سێ کوژراوی لێکەوتووەتەوە. کیێڤ لە پاڵ ئاڵنگارییە سەربازییەکاندا، ڕووبەڕووی گرژیی سیاسییش بووەتەوە. دۆسیەیەکی گەندەڵی بووەتە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی دوو وەزیر و سەپاندنی سزای سێلێنسکی بەسەر یەکێک لە نزیکەکانی خۆیدا.
مانگی ڕابردوو ئۆکراینا نامەیەکی هاوشێوەی بۆ کڕینی ١٠٠ بۆ ١٥٠ فڕۆکەی جەنگیی گریپنی سویدی واژۆ کردبوو. فەڕەنسا پێشتر فڕۆکەی جەنگیی میراژی خستووەتە بەردەستی ئۆکراینا، بەڵام ئەمە یەکەم جارە کە بابەتی پڕچەککردنی هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا بە ڕافاڵ، پێشکەوتووترین فڕۆکەی جەنگیی فەڕەنسی، دەورووژێنرێت. تێچووی دابینکردنی ١٠٠ فڕۆکەی ڕافاڵ بۆ ئۆکراینا بە ١٠ بۆ ١٥ ملیار یۆرۆ مەزەندە دەکرێت. دابینکردنی ئەم تێچووە پرسیاری جیدیی لەبارەی سەرچاوە دارایییەکانی ئەم مامەڵەیەوە دروست کردووە.
دوای دیدارەکە لە بنکەی ڤیلاکۆبلێ، ماکرۆن و زێلێنسکی سەردانی بارەگای فەرماندەییی “هێزی فرەنەتەوەییی ئۆکراینا”یان لە مۆن-ڤالێرین لە ڕۆژئاوای پاریس کرد. فەڕەنسا دەڵێت ئەم پێکهاتەیە، کە بە بەشداریی ٣٥ وڵاتی “هاوپەیمانیی خۆبەخش” دروست کراوە، ئێستا ئامادەیە “لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ئاگربەستێکدا” هێزی سەربازیی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و گەرەنتیی ئاسایشی ئۆکراینا لەم وڵاتەدا جێگیر بکات.
سەرنووسەری ڕۆژنامەی لۆمۆند لە ژمارەی ڕۆژی دووشەممەیدا بە ناونیشانی “دوو بەرەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی” وێنەیەکی نیگەرانکەر لە دۆخی مەیدانی شەڕ و فشارە ناوخۆیییەکانی سەر ئۆکراینا دەکێشێت. ئەم وێنەیە گرنگیی ڕێککەوتنە چەکییە تازەکەی لەگەڵ فەڕەنسا لە چوارچێوەیەکی فراوانتردا ڕوون دەکاتەوە.
لۆمۆند دەنووسێت ئۆکراینا دەچێتە نێو چوارەمین زستانی شەڕەوە، لە کاتێکدا ماندوویی و داخوران لە ڕیزەکانی هێزەکانی ئۆکراینادا ئاشکرایە و سوپای ڕووسیا بە بێ گوێدانە زیانە مرۆیییەکان، بەردەوامە لە پێشڕەوییە ناوچەیییەکانی. بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامەیە، ڕووسیا بە ئامانجگرتنی ژێرخانە گرنگەکان، بە تایبەتی تۆڕی وزەی ئۆکراینا، تاوانی جەنگیی کردووەتە چەقی ستراتیژیی خۆی. بە نووسینی لۆمۆند ئەم هەوڵە، بەڵام، بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی ئۆکراینییەکان ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.
سەرەڕای ئەمەش، سەرنووسەری لۆمۆند هۆشداریدەدات “موعجیزەی بەرگریی ئۆکراینا” لە بەردەم ڕاستییەکی سەختدایە. ئەم ڕاستییە نایەکسانیی ئاشکرای توانای سەربازیی هەردوو لایەن و دوورکەوتنەوەی ئاسۆی هەر جۆرە ئاگربەستێکە. بە نووسینی لۆمۆند گەڕانەوەی دۆناڵد ترامپ بۆ کۆشکی سپی ئەم نایەکسانییەی زیاتر کردووە. ترامپ لە دیداری هاوینەی خۆیدا لە ئەلاسکا بە کردەوە “فەرشی سوور”ی بۆ پوتین ڕاخست، بە بێ ئەوەی هیچ ئیمتیازێک لە بەرژەوەندیی ئۆکراینا بەدەست بهێنێت. گومانەکانی واشنتۆن، لەوانە پاشەکشەکردن لە بڕیاری سەرەتایی بۆ ناردنی مووشەکەکانی کروزی تاماهاوک، ئۆکراینای لە دۆخێکی دژواردا داناوە. لەم دۆخەدا، ئەوروپا لە هێڵی پێشەوەدایە. لۆمۆند دەڵێت نیشانەکانی زیادبوونی شەڕی تێکەڵاوی ڕووسیا دژی وڵاتانی ئەوروپا ئاشکرایە و ئامانج لێی ڕێگریکردنە لەوان لە قەرەبووکردنەوەی کەمیی پشتیوانیی ئەمریکا.
سەرنووسەری لۆمۆند لە کۆتاییدا باس لە دووەمین بەرەی زێلێنسکی دەکات: شەڕی دژی گەندەڵی. ئابڕووچوونەکانی ئەم دوایییانە لە کەرتی وزە و هەڵاتنی یەکێک لە نزیکەکانی سەرۆککۆمار، نەک تەنیا جەستەی حکومەتی لاواز کردووە، بەڵکو بە گوتەی لۆمۆند “دیارییەکە بۆ ئەو حکومەتانەی ئەوروپا کە پێشوازی لە هەر دەرفەتێک دەکەن بۆ نزیکبوونەوە لە مۆسکۆ”. لۆمۆند ئەنجامگیری دەکات کە بڕیارداریی کیێڤ لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا بۆ پاراستنی یەکڕیزیی ناوخۆیی و بەردەوامیی پشتیوانیی دەرەکی “پێویستییەکی حەیاتییە”.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەبارەی جێبەجێكردنی لەیەكتێگەیشتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدا كۆ دەبێتەوە

سەڵاح

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سبەی دەنگ لەسەر ئەندامییەتی فەڵەستین لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەدات

یاسین

لە هەولێر ئامادەكاری بۆ پێشوازی لە زیارەتكارانی چله‌ی ماته‌مینی ئیمام حوسێن دەكرێت

سەڵاح