ئەمڕۆ فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوە، لە بەغدا پێشوازی لە مایکل ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد. لە میانی دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی چۆنییەتی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا کرا، هەروەها بەدواداچوون بۆ چوارچێوەی هاوکاریی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا کرا.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق له راگەیەندراوێکدا روونی کردەوه: “لە کۆبوونەوەکەدا، پێداچوونەوە بە ئاستەنگە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی بەردەم ناوچەکە کرا، لەوانە هەوڵەکانی بەدیهێنانی سەقامگیری و گرنگیی پشتگیریکردنی گفتوگۆ، لەگەڵ تیشک خستنە سەر دۆخی سووریا و ئێران، و گرنگیی کارکردن بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزی و بنیادنانی لێکتێگەیشتن بۆ پەرەپێدانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.”
له راگەیەندراوەکەدا هاتووه: “فوئاد حوسێن ئاماژەی بە گرنگیی کەمکردنەوەی توندوتیژیی هەرێمی کرد، و ڕۆڵی عێراقی لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی سەقامگیری دووپاتکردەوە. هەروەها پێداچوونەوەی بە جموجۆڵی سیاسی دوای هەڵبژاردنەکاندا کرد، و جەختی لەسەر پێویستیی خێراکردن لە پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵی بەپێی کاتە دەستوورییەکان کردەوە، لەگەڵ ڕەچاوکردنی هاوسەنگیی نێوان هێزە سیاسییەکان بۆ دڵنیابوون لە ڕێکوپێکیی پرۆسەی دیموکراسی و کاراکردنی پەرلەمان و حکوومەت، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکوومەت بە کارامەیی و کاریگەری.”
هەروەها باس لەوه کراوه: “فوئاد حوسێن ستایشی کەش و هەوا ئەرێنییەکانی هەڵبژاردنەکانی کرد و ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەشداری کرد و گرنگیی بەردەوامبوونی سەقامگیریی سیاسیی لە وڵاتدا دووپاتکردەوە. هەروەها ستایشی نزیکبوونەوەی کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کرد، کە بەهێزکردنی هاوکاریی دیپلۆماسی لەنێوان هەردوو وڵاتدا دەسەلمێنێت، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی دووبارە کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە پارێزگای بەسرە.”
فوئاد حوسێن جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگی لەنێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان و بەردەوامیی هاوکاری لە بوارەکانی ئابووری، ژێرخان و وەبەرهێناندا کردەوە، بە شێوەیەک کە پەرە بە گەشەپێدان بدات و پشتیوانی لە گەڕانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ وەبەرهێنان لە عێراقدا بکات. هەروەها داوای کرد کە پێداچوونەوە بە هۆشدارییەکانی گەشتکردن بۆ عێراق بکرێت، بەهۆی ئەو سەقامگیرییە ئەمنییەی کە وڵاتەکە بە خۆیەوە دەبینێت، و بۆ ئاسانکردنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان.
راگەیەندراوەکه دەڵێت: “لە لای خۆیەوە مایکل ریگاس ستایشی ئەمریکای بۆ پێشکەوتنەکانی عێراق لە بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاسایشدا دەربڕی، و پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەوڵە بەردەوامەکان لەم بوارەدا دووپاتکردەوە، ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگیی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە ئابووری، سیاسی و ئەمنییەکان کرد، و جەختی لەسەر گرنگیی کارکردن لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی دووقۆڵیی ئەرێنی لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا کردەوە.”

