هاوپەیمانێتیی نەسر، بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشوو، ئاشکرای کرد، سەرکردەکەیان رازی نییە خۆی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت بپاڵێوێت و ناوی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پێشنیار کراوە.
سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانێتیی نەسر، بە شەفەق نیوزی راگەیاند، “هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ناوی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشوویان خستە نێو لیستی بەربژێرانی سەرۆکایەتیی حکومەتی نوێ، سەرەڕای رەتکردنەوەی ناوبراو.”
گوتی: “پێویستی و شایستەیی نیشتمانی و دەرەکی هەیە، لە نێویاندا دۆسیە و ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، بۆیە توانای بەربژێر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیان بە یەکێک لە گرنگترین پێوەر و دیاریکەرەکان دادەنرێت کە دەبێت لە کەسایەتی سەرۆک وەزیرانی داهاتوودا هەبن.”
ڕوونیشی کردەوە کە “عەبادی قبوڵ ناکات بەپێی هاوکێشەیەک کار بکات کە تێیدا کۆت و بەند بکرێت، بۆیە پرسی هەڵبژاردنی بەربژێری حکومەتی داهاتوو پێویستی بە تێگەیشتنی زیاترە و کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو ئەنجام بدرێت، لەوانەیە شایەتی وەدەرکەوتنی کەسایەتی سەرۆک وەزیرانی نوێ بێت.”
جەختی لەوە کردەوە کە “هەلی هەموو بەربژێرانی سەرۆک وەزیران تا ئەم ساتە یەکسانە، هیچ جیاوازییەک بۆ کەسایەتییەک بەسەر ئەوی تردا نییە.”
ئاماژەی بەوەشدا کە “ئەوەی پێوەرەکانی بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتوو بەسەریدا جێبەجێ بێت و ئەوەی ئاستەنگە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان قبوڵ بکات و رەزامەندی ناوخۆیی و دەرەکی بەدەست بهێنێت، ئەو کەسە دەبێتە سەرۆک وەزیران، هەروەها دیاریکردنی کەسایەتی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان بێگومان کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی گونجاوترین سەرۆک وەزیران دەبێت.”

