دوای سەرکەوتنی بەڵگەفیلمەکەی لەسەر شاردنەوەی سەدام حوسێن، هەڵکەوت مستەفا بە فیلمێکی نوێ دەگەڕێتەوە کە بەرهەمی هاوبەشی شەش وڵاتە و چیرۆکی کچە نیشانشکێنێکی کورد دەگێڕێتەوە.
فیلمە نوێکەی هەڵکەوت مستەفا ناوی (No Paradise if You Are Killed by a Woman)ـە، واتە (ژن بتکوژێ بەهەشت نابینی).
سیناریۆی فیلمەکە باس لە بوێریی کچە نیشانشکێنێکی هێزی پێشمەرگە دەکات، کە بۆ رزگارکردنی خوشکە بچووکەکەی، بە نهێنی دزە دەکاتە نێو چەکدارانی داعش.
ئەم پرۆژە سینەماییە بەرهەمێکی گەورەی هاوبەشە لەنێوان وڵاتانی نەرویج، سوێد، فەرەنسا، ئەمریکا، ئیمارات و هەرێمی کوردستان. بڕیارە ساڵی داهاتوو فیلمەکە بەفەرمی بڵاوبکرێتەوە و نمایش بکرێت.
ئەم بەرهەمە نوێیە دوای ئەوە دێت کە دوایین کاری هەڵکەوت مستەفا بەناوی (شاردنەوەی سەدام حوسێن)، دەنگدانەوەیەکی جیهانیی هەبوو و وەک پڕداهاتترین بەڵگەفیلم لە مێژووی بۆکس ئۆفیسی وڵاتانی عەرەبیدا تۆمارکرا.

