بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەین بە هانای لێقەوماوانەوە بچین
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییانی لافاوەکەی چەمچەماڵ دەکات، کە بەهۆی بارینی رێژەیەکی زۆری باران و درووستبوونی لافاو، دوو هاووڵاتی قەزاکە گیانیان لەدەستدا و زیانی ماددیش بەر ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان کەوت.
ئێمە وەکو دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانییان، لە سەرەتاوە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە و تیمەکانمان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو یان لەکاتی روودانی کارەساتی سرووشتی، بە هانای خەڵک و لێقەوماوانەوە بچن و هاوکار و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن، پێشتریش ئەو ئامادەگییەمان لە رێگەی نووسینگە و نوێنەرایەتییەکانمان، بە لایەنە پەیوەندیدارەکان گەیاندووە.
لێرەدا جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەمیشە ئامادەیە، لە رێگەی تیمی مەیدانی شارەزا، کە پێشتر راهێنانیان کردووە و توانا و لێهاتوویی خۆیان لەناوخۆ و دەرەوەی کوردستانیش نیشانداوە، بە هانای قوربانیانەوە بچن و هاوکاربن لە کەمکردنەوەی خەم و پەژارەی هاووڵاتیان و هاونیشتمانیان، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەماهەنگ دەبین.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی
9/12/2025

