zagros news agency

‎ئێران: پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئەمریکا لە ڕێگەی ناوەندەکان بەردەوامن

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقایی، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە سەرەڕای هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ واشینگتۆن لە ڕێگەی ناوەندەکان هێشتا بەردەوامن.

بەقایی لە وەڵامی پرسیارێک دەربارەی ئەوەی ئایا دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا داخراوە، وتی: «ئێمە دووبەرەکی جەنگ یان دیپلۆماسی قبووڵ ناکەین. دیپلۆماسی ئامرازێکە بۆ پاراستن و بەدەستهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان، هەروەک جەنگیش.

ئەو هەروەها لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە تاران ئاماژەی بەوەدا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە ڕێگەی ناوەندە جیاوازەکان، پەیام و بیرۆکەیان بۆ ئێران گەیشتووە، بەڵام وردەکارییەکانی ئاشکرا نەکرد.

ئێران: ناهێڵین هورموز ببێتە هۆکاری هەڕەشە

لە بارەی کەنداوی هورموزەوە، بەقایی وتی ئێران ڕێگا نادات ئەم ڕێگای ئاوییە ستراتیژییە بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بەکاربهێنرێت.

بەپێی وتەکانی، تاران سوورە لەسەر گرتنی هەموو هەنگاوە پێویستەکان بۆ پاراستنی سیادەی خۆی و بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی.

ڕوونکردنەوە دەربارەی هاووڵاتییەکەی ئەمریکا

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها ڕوونی کردەوە کە ئەو ژنە ئەمریکییەی ڕەچەڵەکی ئێرانی هەیە و تازە ئازاد کراوە، نە لە زینداندا بووە و نەش تۆمەتبار کراوە بە جاسوسی.

ئەمریکا: نۆیەم ڕۆژی هێرشەکان تەواو کرا

لە لایەکی ترەوە، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە سوپای ئەمریکا نۆیەم ڕۆژی بەردەوامی هێرشەکانی بەرامبەر ئێران تەواو کردووە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێک لە تۆڕی «X»، ئەو هێرشانە ئامانجیان ناوەندەکانی فەرماندەیی، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، چاودێری کەناراوەکان، تواناکانی دەریایی، شوێنەکانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک، هەروەها تۆڕەکانی پەیوەندی بوون.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجی ئەو هێرشانە کەمکردنەوەی توانای ئێرانە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتی بازرگانی و کەشتیوانانی مەدەنی لە کەنداوی هورموز.

تا ئێستا، لایەنە ئێرانییەکان هیچ ڕاپۆرتێکی فەرمییان دەربارەی قوربانی یان زیانەکانی ئەو هێرشانە بڵاونەکردووەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئێران دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا هەڵپەسارد

یاسین

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 450 ملیۆن دیناری بەخشییە یانەی نەورۆز

یاسین