هێلین سیف، ئەو ئەکتەرەی بۆ ماوەی پێنج دەیەیە لە چەندین فیلم و زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی دەردەکەوێت، لە تەمەنی 88 ساڵیدا و بەهۆی لێکەوتەکانی نەشتەرگەرییەوە کۆچی دواییکرد.
خێزانی هێلین سیف لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کردووە، هێلین رۆژی پێنجشەممە لە لۆس ئانجلەس، دوای ململانێیەکی درێژخایەن لەگەڵ نەخۆشی و بەهۆی لێکەوتەکانی نەشتەرگەرییەوە، گیانی لەدەستداوە. خێزانەکەی دەڵێن: “ئەوانەی لەگەڵ هێلین کاریان کردووە، دەزانن کە ئەو تەنیا ئەکتەرێکی بەهرەمەند نەبوو، بەڵکو مرۆڤێکی پیشەگەر و میهرەبانیش بوو”.
سیف کارنامەیەکی دەوڵەمەندی لە تەلەڤزیۆندا هەبوو و لە زنجیرە ناودارەکانی وەک (Modern Family)، (Scrubs)، (Will & Grace)، (Married … With Children) و (Curb Your Enthusiasm) رۆڵی گێڕاوە.
لەسەر ئاستی سینەما، هێلین سیف بەشداریی لە فیلمە ناسراوەکانی وەک (The Karate Kid) لە ساڵی 1984، (Hail, Caesar!) لە ساڵی 2016 و (You Don’t Mess With the Zohan) لە ساڵی 2008دا کردووە.
خێزانەکەی دەڵێن “ئەو بەهرەیەکی دەگمەنی هەبوو، تەنانەت بچووکترین رۆڵەکانیشی لەلای بینەر بە نەمری دەهێشتەوە”.

