لە ئێستادا بەشێک لە دورگەکانی یۆنان وەک “زیندان” بۆ پەنابەران بەکاردەهێنرێن، ئەوەش لە ڕێگەی دروستکردنی کۆمەڵێک سەنتەر کە بە “ناوەندی داخراوی سنووردار” ناسراون و لەلایەن سویسراوە خەرجییەکەیان دابین دەکرێت. لەم سەنتەرانەدا کە شوێنی تایبەتیشی تێدایە بۆ “منداڵانی بێ سەرپەرشت”، خێزانەکان و منداڵان لە دۆخێکی نەخوازراو و هەژاریدا دەژین و لە مافە سەرەتاییەکان و چاودێری تەندروستی بێبەش کراون.
گەشتیاران چێژ دەبینن و پەنابەرانیش ئازار دەچێژن
لەکاتێکدا لە دورگەی “سامۆس”ـی یۆنانی، کە دەروازەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپایە، گەشتیاران چێژ لە تیشکی خۆر و جوانیی دورگەکە وەردەگرن، چیرۆکێکی دیکەی بەئازار لەوێ ڕوودەدات. لەسەر قەراغی بەندەرەکە، دوو منداڵ بە ناوەکانی ماریا (سێ ساڵ و نیو) و عەلی (پێنج ساڵ)، بە دارێکی خەیزەرانەوە خەریکی ڕاوەماسین.
باوکی ئەو دوو منداڵە دەڵێت: “گەشتەکەمان ئاسان نەبوو، دایکیان و خوشک و برا بچووکەکانیان لە سووریا مانەوە، چونکە بەرگەی سەختیی ئەم ڕێگایەیان نەدەگرت.”
تێچووی پەڕینەوە لە تورکیاوە بۆ سامۆس کە تەنها چەند کیلۆمەترێک لێک دوورن، نزیکەی ٤٠٠٠ یۆرۆیە بۆ هەر کەسێک. لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، لەم بەشەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا ٣٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە بەشێکن لەو ٣٠ هەزار کەسەی لە تەواوی دەریای ناوەڕاستدا خنکاون.
سەنتەرە داخراوەکان؛ پڕۆژەیەک بە پارەی سویسرا
لەدوای ئاگرکەوتنەوەکەی کەمپی “مۆریا” لە ساڵی ٢٠٢٠، کۆمیسیۆنی ئەورووپا بڕیاری دا بە تێچووی ٢٧٦ ملیۆن یۆرۆ پێنج سەنتەری نوێ لە دورگەکانی یۆنان دروست بکات، کە سویسرا بەشدارە لە دابینکردنی بودجەکەیدا. ئەم سەنتەرانە ڕێکاری ئەمنی توندیان لەسەرە، پرۆسەی دیپۆرتکردنەوە تێیاندا خێرایە و هەر لە سەرەتاوە پەنابەران بۆ ماوەی ٢٥ ڕۆژ دەستبەسەر دەکرێن.
سەنتەرەکەی سامۆس کە بۆ ٤٠٠٠ کەس دروستکراوە، ڕووبەرێکی فراوانی قیرتاوکراو و پڕ لە کۆنتێنەرە بەبێ بوونی هیچ سێبەرێک. ئاو تەنها ڕۆژی دوو جار دابەش دەکرێت، ئاوی گەرم و سیستەمی گەرمکەرەوەی زستانەی نییە. سێیەکی دانیشتووانی ئەم کەمپە منداڵن و چارەکێکیشیان ژنن. ڕێگەش بە ڕۆژنامەنووسان نادرێت بچنە ناوەوە.
قەیرانی تەندروستی و راوەماسی بۆ مانەوە
لەناو سەنتەرەکەدا، عەلی و ماریا و باوکیان ماوەی هەشت مانگە دەژین. وەک پەنابەرانی سووری، بەهۆی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە، ڕێکارەکانی پێدانی مافی پەنابەرێتییان ڕاگیراوە. ئەم دوو منداڵە ناچارن لە بەندەرەکە ماسی بگرن، چونکە ئەو خۆراکەی لە سەنتەرەکە پێیان دەدرێت، بەشیان ناکات.
دۆخی تەندروستی لە کەمپەکەدا کارەساتبارە. پڕۆژەی “هیپۆکراتس” کە لەلایەن ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) و بە هاوکاری سویسرا بەڕێوەدەچێت، تەنها یەک پزیشک و دوو پەرستاری هەیە بۆ هەزاران کەس. دەرمان دەستناکەوێت و لە پشووەکاندا پزیشک نییە. بەهۆی نەبوونی پاکوخاوێنییەوە، نەخۆشیی “گەڕی” بڵاوبووەتەوە و مانگانە ١٠٠ حاڵەتی نوێ تۆمار دەکرێت، جگە لە نەخۆشییەکانی هەرس و هەناسە و بەدخۆراکی لەنێو منداڵاندا.
هەموو شتێک بۆ پەنابەران وەستاوە
سەنتەرەکە دەکەوێتە ناوچەیەکی سەربازییەوە و بە دوو ڕیز تێڵی دڕکاوی دەورە دراوە. تێچووی پاس بۆ گەیشتن بە شار ٢ یۆرۆیە، کە زۆربەی پەنابەران توانای ئەو پارەیەیان نییە. هاوکات ماوەی ٩ مانگە حکومەتی یۆنان ئەو دەرماڵە مانگانەیەی بڕیوە کە دەبوو بە پەنابەرانی بدات.
تەهای تەمەن ٩ ساڵ، لەگەڵ برا گەورەکەی بەڕێگاکەدا دەڕۆن و بە نیگەرانییەوە بە کەناڵە سویسرییەکەی گوت: “ئێرە زیندانە، هەست دەکەین کە…”
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئەنجومەنی ئەورووپا بۆ پەنابەران دۆخەکە بە “کابوسێکی بێهیوایی” وەسف دەکەن و داوای بەپەلە گۆڕینی دۆخەکە دەکەن.

