ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا كۆبوونەوەی ژمارە 1ـی ساڵی 2026ـی خۆی ئەنجامدا و تێیدا بڕیاری دا، پێداچوونەوە بە ڕێنوێنییەكانی خوێندنی باڵادا بكرێت و لە كرێی خوێندنی دیپلۆمی باڵا، ماستەر و دكتۆرا خۆش بێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی 1ـی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زاتستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، كە “بەسەرپەرشتىیی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا یەکەم کۆبوونەوەى ئاسایی خۆى لە ساڵى نوێدا ئەنجام دا، تێیدا گفتوگۆیان لەبارەى پێداچوونەوە و دەوڵەمەندکردنى زیاترى ڕێنوێنییەکانى کردنەوەى خوێندنى باڵا/ دیپلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا لە زانکۆکانى کوردستان كرد.”
باسی لەوەش كرد، كە لە دەستپێکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هیواى خواست ساڵى نوێى 2026 بۆ سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان، ساڵى پێشکەوتنى زیاتر و بەرەوپێشبردنى ئاستى زانستى و ئەکادیمى زانکۆکانى کوردستان بێت.
هەر لە کۆبونەوەکەدا پرسى دارایی و داهات و خەرجى زانکۆکانى کوردستان گفتوگۆى لەبارەوە کراوە، بۆ ئەمەش دواى وەرگرتنى ڕا و پێشنیازى ئەندامانى ئەنجوومەنى وەزارەتی خوێندنی باڵا، بڕیاردرا: زانکۆکانى کوردستان سەرچاوەکانى داهات و خەرجییەکانیان لە ڕاپۆرتێکدا ئاڕاستەى وەزارەت بکەن بەمەبەستى گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەنجوومەنى وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان.
لەبارەى هەموارکردنەوەى ڕێنوێنیی ژمارە (12)ـى ساڵى (2024)ـى خوێندنى باڵا/ دیپلۆمى باڵا، ماستەر ، دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، سەرەڕاى ئەوەى بڕیاردرا ساڵانە ڕاوندى نوێى خوێندنى باڵا لە زانکۆکانى کوردستان بکرێتەوە، ئەنجوومەنى وەزارەتی خوێندنی باڵا دواى وەرگرتنى ڕا و و پێشنیازى ئەندامانى ئەنجوومەن و پێشنیاز و بۆچوونەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بڕیاری دا پێداچوونەوە بە چەند بڕگەیەکى ڕێنوێنییەکە بکرێت لە گرنگترینیان:
یەكەم: لابردنى ئەو بڕگەیەى کە هەڵەیەک ڕاستێک ئەسڕێتەوە لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى.
دووەم: لێخۆشبوون لە کرێى خوێندنى باڵا/ دیپلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا، لە خوێندکاران و قوتابیانى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، لە چوارچێوەى ڕێنوێنی و ڕێکارە یاساییەکاندا.
سێیەم: هیچ کورسییەکى بەتاڵ لە دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامەکان پڕ ناکرێتەوە.
چوارەم: پێداچوونەوەى مەرجدار بۆ مەرجى زمانى ئینگلیزى لە بەشە زانستى و مرۆڤایەتییەکان.
لە کۆتایی کۆبونەوەکەشدا بڕیاردرا لەبارەى چەند پێشنیاز و بۆچوونێکى دیکەى زانستى و ئەکادیمى کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنى وەزارەتی خوێندنی باڵا بەردەوام دەبێت.

