zagros news agency

وەزارەتی خوێندنی باڵا چوار خاڵی بۆ پێداچوونەوە بە خوێندنی باڵای كوردستان دەركرد

 

ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا كۆبوونەوەی ژمارە 1ـی ساڵی 2026ـی خۆی ئەنجامدا و تێیدا بڕیاری دا، پێداچوونەوە بە ڕێنوێنییەكانی خوێندنی باڵادا بكرێت و لە كرێی خوێندنی دیپلۆمی باڵا، ماستەر و دكتۆرا خۆش بێت.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی 1ـی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زاتستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، كە “بەسەرپەرشتىیی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا یەکەم کۆبوونەوەى ئاسایی خۆى لە ساڵى نوێدا ئەنجام دا، تێیدا گفتوگۆیان لەبارەى پێداچوونەوە و دەوڵەمەندکردنى زیاترى ڕێنوێنییەکانى کردنەوەى خوێندنى باڵا/ دیپلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا لە زانکۆکانى کوردستان كرد.”

 

باسی لەوەش كرد، كە لە دەستپێکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هیواى خواست ساڵى نوێى 2026 بۆ سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان، ساڵى پێشکەوتنى زیاتر و بەرەوپێشبردنى ئاستى زانستى و ئەکادیمى زانکۆکانى کوردستان بێت.

 

هەر لە کۆبونەوەکەدا پرسى دارایی و داهات و خەرجى زانکۆکانى کوردستان گفتوگۆى لەبارەوە کراوە، بۆ ئەمەش دواى وەرگرتنى ڕا و پێشنیازى ئەندامانى ئەنجوومەنى وەزارەتی خوێندنی باڵا، بڕیاردرا: زانکۆکانى کوردستان سەرچاوەکانى داهات و خەرجییەکانیان لە ڕاپۆرتێکدا ئاڕاستەى وەزارەت بکەن بەمەبەستى گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەنجوومەنى وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان.

 

لەبارەى هەموارکردنەوەى ڕێنوێنیی ژمارە (12)ـى ساڵى (2024)ـى خوێندنى باڵا/ دیپلۆمى باڵا، ماستەر ، دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، سەرەڕاى ئەوەى بڕیاردرا ساڵانە ڕاوندى نوێى خوێندنى باڵا لە زانکۆکانى کوردستان بکرێتەوە، ئەنجوومەنى وەزارەتی خوێندنی باڵا دواى وەرگرتنى ڕا و و پێشنیازى ئەندامانى ئەنجوومەن و پێشنیاز و بۆچوونەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بڕیاری دا پێداچوونەوە بە چەند بڕگەیەکى ڕێنوێنییەکە بکرێت لە گرنگترینیان:

 

یەكەم: لابردنى ئەو بڕگەیەى کە هەڵەیەک ڕاستێک ئەسڕێتەوە لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى.

 

دووەم: لێخۆشبوون لە کرێى خوێندنى باڵا/ دیپلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا، لە خوێندکاران و  قوتابیانى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، لە چوارچێوەى ڕێنوێنی و ڕێکارە یاساییەکاندا.

 

سێیەم: هیچ کورسییەکى بەتاڵ لە دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامەکان پڕ ناکرێتەوە.

 

چوارەم: پێداچوونەوەى مەرجدار بۆ مەرجى زمانى ئینگلیزى لە بەشە زانستى و مرۆڤایەتییەکان.

 

لە کۆتایی کۆبونەوەکەشدا بڕیاردرا لەبارەى چەند پێشنیاز و بۆچوونێکى دیکەى زانستى و ئەکادیمى کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنى وەزارەتی خوێندنی باڵا بەردەوام دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

تیمی ترەمپ بەشێک لە گۆرانییەکانی تایلەر سویفت دەسڕێتەوە

ART

ئەمرۆ گەرێكی تری دانوستان لە ئیسلام ئاباد بەرێوە دەچێت

گوران

سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کۆبووەوە

سەڵاح